سەرۆککۆماری عێراق جەخت لە پێویستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان دەکاتەوە

کۆبوونەوەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ ئەحمەد زویتن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە عێراق
کۆبوونەوەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ ئەحمەد زویتن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە عێراق

K24 - هەولێر:

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق جەختی لە پێویستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و کۆتاییهێنان بە ئازارە مرۆییەکانیان بە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کردەوە. دەشڵێت: پزیشکە  عێراقییەکان لە بەناوبانگترین نەخۆشخانە نێودەوڵەتییەکان کار دەکەن.

رۆژی یەکشەممە 9ـی نیسانی 2023، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە کۆشکی بەغدا، پێشوازی کرد لە ئەحمەد زویتن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە عێراق، کە پەیامێکی لە تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریسوسەوە، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوەکە بۆ پەرپێدانی کەرتی تەندروستی لە عێراق پێشکەشی سەرۆککۆمار کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، لەتیف رەشید جەختی لەوە کردووەتەوە، عێراق پەیوەندییەکی بەردەوام و هەمیشەیی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانیی هەیە و روونیکردەوە، پزیشکە عێراقییەکان لە بەناوبانگترین نەخۆشخانە نێودەوڵەتییەکان کار دەکەن.

سەرۆککۆماری عێراق هەروەها باسی لە بارودۆخی تەندروستی وڵاتەکەی کرد،  کە بە باشترینی لە ناوچەکە  دادەنرا، بەڵام لە ئەنجامی ئەو شەڕ و توندوتیژییانەی بەسەر وڵاتدا هاتووە کاریگەری لەسەر دروستکردوە.

سەرۆککۆماری عێراق گوتی: "ئێمە بەهۆی کەمی نەخۆشخانە بۆ منداڵان دەناڵێنین و کەمی کارمەندانی پزیشکیمان هەیە" و ئاماژەشی بەوەدا، خەڵکی هەڵەبجە بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەوە دەناڵێنن سەرەڕای کاریگەری گازی کیمیایی لەسەریان.

ناوبراو پەرۆشی عێراقی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت بەرنامەیەکی ئامادەکردووە بۆ پشتگیری و گرنگیدان بە  کەرتی تەندروستی و باشترکردنی چاودێری تەندروستی بۆ هاووڵاتییان، ئەمەش لە رێگای پاڵپشتی داراییەوە لە بوودجەی داهاتوودا بەهێزتردەکات.

سەرۆککۆمار جەختی لە پێویستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و کۆتاییهێنان بە ئازارە مرۆییەکانیان بە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کردەوە.

لای خۆیەوە نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە عێراق ستایشی هەوڵەکانی سەرۆککۆماری کرد بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ رێکخراوە  و باشترکردنی دۆخی تەندروستی عێراق.

ئەحمەد زوێتن ئاماژەی بەوەدا، رێکخراوی جیهانی هاوبەشێکی سەرەکییە بۆ بەرەوپێشبردنی  کەرتی تەندروستی و دڵنیابوون لە سەلامەتی خۆراک و ئاو و هەوا لە رێگەی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حکومەت و رێکخراوەکەوە.

سەبارەت بە ئاوارەکان، ئەحمەد زوێتن، جەختی لەوە کردەوە، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی پشتیوانی لە رێنماییەکانی سەرۆککۆماری عێراق دەکات سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.

Fly Erbil Advertisment