رەوەندی کوردی فیدراسیۆنێکی یەکگرتوو لە باشووری رووسیا پێکدەهێنن

K24 - مۆسکۆ

لە شاری ستاڤرەپۆلی رووسیا، رەوەندی کوردستانی کۆبوونەوە، بە ئامانجی ئەوەی کۆمەڵە و رێکخراوە کوردستانییەکانی باشووری رووسیا یەکبگرن و فیدراسیۆنێکی یەکگرتوو لە باشوری رووسیا پێکبهێنن.

لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی رەوەندی کوردستانی لە سۆڤیەتی پێشوو و سەرۆکی کۆمەڵەی ئیزیدییەکانی کوبان و جێگری وەزیری کاروباری نەتەوەکان لە هەرێمەکە بەشداربوون. ئەو رێکخراوانە دەیانەوێت لە رێگەی کاری هاوبەشەوە، زمان و ناسنامەی نه‌ته‌وه‌ییان لە هەرێمەکانی باشووری رووسیادا بپارێزن.

مەمێ مەمۆی، بەرپرسی رەوەندی کوردستانی لە سۆڤییەتی پێشوو و ئاسیا بە کوردستان24ی گوت: "کاری گرنگی ئەو کۆنفرانسە ئەوەیە کە ئێمە پێکەوە کار دەکەین و پێکەوە بەهێزین".

چین و توێژە جیاوازەکانی رەوەندی کوردستانی، لە رابردوودا رۆڵی گرنگییان بینیوە لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیدا، ئێستاش بۆ خزمەتکردن بە زمان و کولتووری کوردی، دەخوازن هاوشانی یەکتر خزمەت بکەن.

 کەلەم سادیکەڤنا نادیرۆڤا، چالاکوان و بەشداربووی کۆبوونەوەکە دەڵێت: "من مامۆستای زمانی کوردیم، دەخوازم منداڵ و نەوەکانم و هەموو منداڵانی کورد بە زمانی کوردی قسە بکەن".

جێگری وەزیری نەتەوەکان لە هەرێمی ستاڤرەپۆل، بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد و خۆشحاڵی و پشتیوانی هەرێمەکەی بۆ رەوەندی کوردستانی دووپاتکردەوە.

سێرگێی زینێڤ، جێگری وەزیری کاروباری نەتەوەکان لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "بۆ ئێمە گرنگە ئەم دیدارەی لە هەرێمی ستاڤرەپۆڵ بەڕێوەدەچێت، چونکە ناوچەکەی ئێمە بە شوێنی دۆستایەتی و ئاشتی و پێکەوەیی نەتەوەکانی ناوی دەرکردووە، ئێمە هاوکار و پشتیوانی پێکهێنانی ئەو رێکخراوە نوێیە دەکەین، بەوپێیەی ئەرکی ئێمە بە فەرمانی سەرۆکایەتی و پارێزگاری ناوچەکە بریتیە لە سازدانی دەرفەت بۆ پاراستنی زمان و کولتوور و نەریتی نەتەوەکان، چونکە بەهێزی ئێمە لە هەبوونی فرە نەتەوەییدایە لە ناوچەکەدا".

ئامادەبووانی كۆبوونەوەکە زۆر بابه‌تی پەیوەست بە رەوەندی کوردیان لە رووسیادا شەن و کەوکرد، نوێنەر و سەرۆکی کۆمەڵەکانیش رێککەوتن لەسەر یەکگرتنی رێکخراوەکانی باشووری رووسیا بۆ خزمەتکردنی زیاتر بە زمان و شوناسی نەتەوەیی خۆیان.

Fly Erbil Advertisment