ژەهراویکردنی قوتابخانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکردەوە
شەش قوتباخانەی کچان لە سەقز ژەهراوی کران
-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered.gif)
K24 - هەولێر:
لە ئەنجامی ژەهراویکردنی قوتابخانە جیاوازەکانی شارەکانی سەققز، سنە، دیواندەرە و ورمێ، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان ژەهراوی بوون و گواسترانەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان، باس لەوەش دەکرێت کە هەندێکیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
دوای ژەهراویکردنی خوێندکارە کچەکان لە قوتابخانەکانی ئێران، رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رۆژی یەکشەممە 20ـی نیسانی 2023 لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەدا، لانیکەم شەش قوتابخانەی کچان بە ناوەکانی (چەمران، مێراج، تاڵقانی، سومەییە، بنت ئەلهودا، سەدر و ئیستقلال) لە شاری سەقز، ژەهرخوارد کراون.
نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمجۆرە لە ژەهراویکردنی قوتابیانی کچ کە لەم دواییانەدا چڕتر بووەتەوە، بە "کیمیابارانکردنی قوتابخانەکان" ناودەبەن.
بە گوتەی هەنگاو، "دوای ئەم ژەهرخوارکردنە 85 خوێندکاری خەڵکی سەقز بۆ نەخۆشخانەکان گواستراونەتەوە و زیاتر لە 20 خوێندکاریان باری تەندروستییان ناجێگیرە".
لە هەمانکاتدا خوێندکارانی ئامادەیی بەشەناوخۆیی عیسمەتی ناحیەی زەرینە سەر بە شاری دیواندرە تووشی ژەهراویبوونی سەخت بوون و گواستراونەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان.
لە قوتابخانەکانی کچانی "بەهمەن" و "جەماران" لە سنە و پەیمانگای کوڕانی مۆتەهاری لە ورمێ، باس لەوە کراوە کە ژمارەیەک خوێندکار بە هۆی هەڵمژینی غازەوە، ژەهراوی بوون.
خەڵکی سەقز دوای ژەهیراویکردنی منداڵەکانیان، هاتنە سەر شەقام و دروشمی ناڕەزایەتییان بەرز کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی حکومەت لە گەڕەکی شەهنازی ئەم شارە تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد و ژمارەیەک خۆپێشاندەریان دەستگیر کرد.
لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بەم ژەهراویکردنە بەربڵاوانە، خوێندکارانی سەقز ئەمڕۆ رایانگەیاند، لە قوتابخانەکان ئاماده نابن و داوایان لە هەموو قوتابیان و مامۆستایانی سەرتاسەری وڵات کرد درێژه بە مانگرتن و پشتیوانی هەمەلایەنە بدەن.
ژەهراویکردنی قوتابیانی کچ لە ئێران دوای جەژنی نەورۆز توندتر بووەتەوە و ئەمەش لە کاتێکدایە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە پێش هاتنی جەژنی نەورۆز رایانگەیاندبوو، دەیان کەسیان بە تۆمەتی ئەم ژەهراویکردنانە دەستگیر کردووە.
ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دوای کۆچی دوایی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، کە پێش گیانلەدەستدانی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەرکرابوو و دوای ئەشکەنجدان گیانی لەدەست دا.