عه‌لی ره‌شید: کارەکانی دروستکردنی شوێنی مانه‌وه‌ی سەگی بێلانە لە قۆناغی کۆتاییدایە

K24 – هەولێر:
به مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی سەگی بێلانە و چه‌ند پرسێكی دیكه، ئەنجوومەنی پارێزگاری هەولێر كۆبووه‌وه، سەرۆکی ئەنجوومەنه‌كه‌ش رایدەگەیەنێت، کارەکانی دروستکردنی شیڵتەر و شوێنی مانه‌وه‌ی سەگی بێلانە لە قۆناغی کۆتاییدایە.
له‌مباره‌یه‌وه عەلی رەشید خۆشناو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە کوردستان24ــی راگەیاند، کۆبوونەوەی ژمارەی 107ـی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، بە ئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگای هەولێر، کە بەرپرسە لەهەموو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شاری هەولێر، به‌ڕێوه‌چوو.
عەلی رەشید خۆشناو، دەشڵێت، ئه‌مڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی چەند پرسێکی گرنگ، لەوانە قەرەبووکردنەوەی زیانلێكه‌وتووانی بازاڕی شێخەڵڵا، هه‌روه‌ها ئامادەکاری بۆ ئەو بارانەی کە لەم هەفتەیەدا دەبارێت و رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو و چارەسەرکردنی پرسی سەگی بێلانە، كۆبووه‌وه.
سه‌بارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە شاری هەولێر، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، گوتی: "به‌هۆی پڕۆژه‌كانه‌وه توانیمان کێشەی لافاو چاره‌سەربکەین و سوپاس بۆ خوا بارانبارین نەبووه‌ته هۆکاری زیانگەیاندن بە هاووڵاتییان، ئەمەش پێمان دەڵێت پڕۆژەکانی ساڵی رابردوو سەرکەوتوو بوون".
عەلی رەشید خۆشناو، له‌باره‌ی چارەسەرکردنی پرسی سەگی بێلانە، ئاماژەی بەوەکرد، نزیکەی سێ ساڵە لە پارێزگای هەولێر کاردەکەن بۆ چارسەرکردنی ئەو پرسە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چه‌ندین حاڵه‌تی پەلاماری سه‌گ بۆسه‌ر هاووڵاتییان تۆماركران. ده‌شڵێت: "کارەکانی دروستکردنی شێڵتەر و شوێنی مانه‌وه‌ی سەگی بێلانە لە قۆناغی کۆتاییدایە".