کوردستان24 زانیاری لەبارەی پشووی ناوەندەکانی خوێندن دەخاتەڕوو

بارانبارین
بارانبارین

K24 – هەولێر:

بەهۆی ئەو شەپۆڵە بارانە بە لێزمەیەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، پشووی سەرتاسەری راناگەیەنن لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە.

ئەمڕۆ سێشەممە (11ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە پشووی سەرتاسەری راناگەیەنێت و دەسەڵاتدراوە بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە ئەگەری نالەباری کەشوهەوا لە سنوورەکانیان، بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پشوو لە ناوەندەکانی خوێندنی سنوورەکانیان رابگەیەنن.

هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان و مامۆستایان، دەسەڵاتدراوە بە سەرۆک زانکۆکان لەکاتی پێویستدا، بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە پشوو رابگەیەنن.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکایەتی زانکۆی چەرموو، بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە، رۆژی چوارشەممە (12ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)ـی کردە پشوو لە سەرجەم کۆلیژ و بەشەکانی زانکۆکە.

لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆڵێکی بارانبارینی بەخوڕ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و ماوەی چەند رۆژێکیشە لەسەر بنەمای پێشبییەکانی کەشوهەوا، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بۆ رێگریکردن لە مەترسی دروستبوونی لافاو.