سلێمانی... کارتی ئەلیکترۆنی مووچە بۆ حەوت هەزار خانەنشینی شارستانی بەردەستدەبێت

K24 – هەولێر:
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، خانەنشینان چینێکی گرنگی کۆمەڵگهن و هەرچی لەدەستیان بێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناکەن. دهشڵێت: "قۆناغی دووەمی کارتی ئەلیکترۆنی مووچەی خانەنشینانی سلێمانی تەواوبووە و لە ئێستادا حەوت هەزار خانەنشینی شارستانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەتوانن مووچەکانیان لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنی وەربگرن".
ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانی و هەروەها بەڕێوەبەر و نوێنەری ژمارەیەک لە بانکەکان رایگەیاند، خانەنشینان چینێکی گرنگی کۆمەڵگهن، هەرچی لە دەستیان بێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناکەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا خزمەتگوزاری زیاتریان پێشکەش دەکەن.
هەروەها ئەوەشی راگەیاند، لە ئێستادا قۆناغی دووەمی کارتی ئەلیکترۆنی مووچەی خانەنشینانی سلێمانی تەواو بووە و حەوت هەزار خانەنشینی شارستانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دهتوانن مووچەکانیان لە رێگەیی کارتی ئەلکترۆنیەوە وەربگرن.
