حكومهتی ههرێم: بڕیاری لێخۆشبوون بۆ هاوبەشانی ئاو تا رۆژی 10ـی ئایار درێژدەكرێتەوە

K24 – هەولێر:
حكومهتی ههرێمی كوردستان رایدهگهیهنێت، وەك پاڵپشتیی بۆ هاووڵاتییان تا بتوانن قەرزە كەڵەكەبووەكانیان بدەنەوە، بە بەهای نزیكەی حەوت ملیار دینار داشكان بۆ كرێی ئاو كراوه.
ماڵپهڕی حكومهتی ههرێمی كوردستان لهمیانهی راگهیهندراوێكدا ئاماژه بهوه دهكات، حكومەتی هەرێم، لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، وەك پاڵپشتییەك بۆ هاووڵاتییان تا بتوانن قەرزە كەڵەكەبووەكانیان بدەنەوە، لە دوو ساڵی رابردوودا و تەنیا لە حەوت مانگی كاركردن بە بڕیارەكانی لێخۆشبوون، بە بەهای نزیكەی حەوت ملیار دینار داشكاندنی بۆ كرێی ئاو كراوه، ئەو لێخۆشبوونە تەنیا قەرزی ئاوە، لە بەستنی پێوەریش لێخۆشبوون بۆ هاووڵاتییان كراوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار به رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ماوەی مانگێكی دیكەی بۆ بڕیاری لێخۆشبوونی رێژەی 15%ـی كرێی ئاو راگەیاند، كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا پێنجەمین جارە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ هاوبەشانی ئاو درێژ دەكرێتەوە و لە ئێستاشەوە تا رۆژی 10ـی ئایاری 2023، كار بە بڕیارەكە دەكرێت و پێویستە هاوبەشانی ئاو بۆ سوودمەندبوون لە بڕیارەكە، سەردانی بنكەكانی كۆكردنەوەی ئاو و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان بكەن.