قایمقامی مێرگەسۆر داوا لە هاووڵاتییانی سنووری ناوچەی بارزان و شێروان مەزن دەکات له ماڵەکانیان بمێننەوە

K24 – هەولێر:
قایمقامی مێرگەسۆر رایدەگەیەنێت، لە کۆمەڵگهی سێڵکێ لە سنووری ناحیەی شێروان مەزن لافاو درووست بوو، زیاتر لە 19ماڵ زەرەرمەندبوون، دەشڵێت: "خۆشبەختانە تیمی بەرگری شارستانی توانیویانە بگەنە شوێنی لافاوەکە، ئەو خەڵکانەی کە گیریان خواردبوو، لەنێو ماڵەکانیان رزگاركران".
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی مێرگەسۆر، بە کوردستان24ــی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی بارانبارینێکی زۆر لە کۆمەڵگهی سێڵکێ لە سنووری ناحیەی شێروان مەزن لافاو دروستبوو و زیاتر لە 19 ماڵ زەرەرمەندبوون.
ئەوەشی راگەیاند، هاووڵاتیانی سنووری ناوچەکە سەلامەتن، چونکە هەرزوو تیمی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنی لافاوەکە و توانیان هاووڵاتییان رزگاربکەن و هیچ زیانێكی گیانیشی لێنهكهوتهوه، جگه له زیانی زۆری ماددی.
غەفوور ئەحمەد، گوتیشی: "کۆمەڵێک گوند لە سنووری ناوچەی بارزان و مێرگەسۆر زەرەرمەندبوون، هەروەها بەشێك لە قوتابخانە و شوێنی بەخێوکردنی ئاژهڵانیش بەهۆی لافاوەوە زیانیان بهركهوت".
قایمقامی مێرگەسۆر، ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر ئامادەکاری بۆ بهرگرتن له دروستبوونی لافاو كرابوو، بەڵام بەهۆی هەڵکەوتهی شوێنەکان، تا رادەیەکی زۆر لە رێگەی تیمەکانی بەرگری شارستانی توانرا رێگری لە روودانی زیانی زیاتر بکرێت.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی مێرگەسۆر لە رێگەی کوردستان24 ئاگاداری هاووڵاتییانی ناوچەکە دەکاتەوە، کە بە هیج شێوەیەک نەچنە دەروە و لەپێناو سەلامەتی گیانیان و هاتوچۆش لەنێوان گوند و ناحییەکان نەکەن.
داواکاریشە، ئەو هاووڵاتییانەی کە ماڵەکانیان لە نزیک رێڕەوی ئاوە، با ماڵەکانیان ئەمشەو چۆڵبکەن و بچنە شوێنکی پارێزراوتر.