هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و چەکی بێمۆڵەت بەردەوامە

K24 – هەولێر:
لەسەر راسپارەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و لەژێر سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و چەکی بێمۆڵەت لە قەزای خەبات و دەوروبەری هەولێر بەردەوامە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایشی هەولێر هەڵمەتێکی دیکەی فراوانیان لە قەزای خەبات ئەنجامدا، بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و چەکی بێمۆڵەت، بەتابیەتی لەناو سەنتەری قەزاکە و پێشەنگای ئۆتۆمبێلی قەزای خەبات.
لەلایەن خۆیەوە، رائید هاوار خەیروڵڵا، ئەفسەر لە هێزەکانی ناوخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ، دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوان کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و چەکی بێمۆڵەت، دوای ئەوەی لە ماوەی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دروستبوو بەوهۆیەوە.
رائید هاوار خەیروڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەڵمەتەکەیان دەستیان بەسەر چەندین ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و چەکی بێمۆڵەتدا گرتووە و دوای کۆتاییهاتنی هەڵمەتەکەیان، ئامارەکان بۆ رای گشتی دەخەنەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا، دووپاتیکردەوە، هەڵمەتەکەیان تەنیا بۆ سنووری قەزای خەبات نییە و هەموو ناوچەکانی هەولێر دەگرێتەوە.
ئەو ئەفسەرەی هێزەکانی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان خۆیان بەدەنگ ئەو پرۆسەیەوە هاتوون و چەکەکانیان رادەستکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا روونیکردەوە، کە هێزەکانیان بەردوامدەبن لە هەنگاوەکانیان لەپێناو راگرتنی ئارامی و ئاسایشی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.