عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: قەرەبووکردنەوەی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەگاتە 380 ملیار دۆلار

K24 – هەولێر:
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەل محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵیت: راپۆرتێکمان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: "راپۆرتێکمان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، هەروەها داواشمان کرد مووچەی شەهیدان و زیندانانی سیاسی هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق بکرێت".
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەی بەوەشکرد، راستەوخۆ بە حکومەتی عێراقمان راگەیاند کە پێویستە داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکەن سەبارەت بەو هەموو تاوان و جینۆسایدانەی کە بەرامبەریان کراوە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، هەروەها لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە قەرەبووی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
هەوەها راشیگەیاند، داواکراوە بەیەكلاییكردنهوهی دۆسیەکانی مووچهی كهسوكاری شههیدان و زیندانیانی سیاسی ناوچه كوردستانییهكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بودجە بۆ ئەوانیش تەرخانبکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گەشبینی خۆی نیشاندا لە بەرامبەر ئەوەی کە کابینەکەی سوودانی بەدواداچوون بۆ کەیسی زیان لێکەوتووان بکەن و کەسوکارەکانیان قەرەبوو بکەنەوە.
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان باسی لەوەشکرد، قەرەبووکردنەوەی شەهیدان و ئەنفالکراوان و بنەماڵەی قوربانیانی جەنگ بە نزیکەی 380 ملیار دۆلار دەخمڵێندرێت، حکومەتی عێراق بەڵینیداوە ئەو قەرەبووە لە نزیکترین کاتدا بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و سەبارەت بە پرۆژەیاساکەش چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت.