بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە تێکساس 18 هەزار مانگا مرداربوونەوە
-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered.gif)
K24 - هەولێر:
بەهۆی تەقینەوەیەکەوە، 18 هەزار مانگا لە کارگە و کێڵگەیەکی تایبەت بە شیرەمەنی لە ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا مرداربوونەوە.
دەسەڵاتدارانی ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە، بەهۆی تەقینەوەی کارگەیەکی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە شارۆچکەی دیمیتی ویلایەتەکە، 18 هەزار مانگا مرداربوونەوە و جوتیارێکیش برینداربووە و زیانێکی زۆریش بەر ناوچەکە کەوت.
سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکە دەسەڵاتدارانی ویلایەتی تێکساس باسیان لەوەکردووە، هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە ئاشکرانەکراوە، بەڵام ئەگەری هەیە یەکێک لە ئامێرەکانی لابردنی پەین لە کارگەکەدا گەرمبوبێت و دواتر بووبێتەوە هۆی تەقینەوەکە.
پۆلیسی ناوچەکەش سەبارەت بە داخستنی رێگاکانی نزیک کارگەکە رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و سەلامەتی هەموو لایەک، گشت رێگاکانی چوونە نێو کێڵگەکە داخراون.
ئامارەکان باس لەوەدەکەن، لە ساڵی 2013ـەوە زیاتر لە شەش ملیۆن سەر ئاژەڵ بەهۆی روودای سوتاند و تەقینەوەوە لە ویلایەتی تێکساس مرداربوونەتەوە.