13 رێکخراوی نێودەوڵەتی لەبارەی ئێزدییەکانەوە رەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرن

K24 – هەولێر:

13 رێکخراوی نێودەوڵەتی کە یەکێکیان "هیومان رایتس وۆچ"ـە، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رەخنە لە بەڕێوەچوونی رێکارەکانی قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان دەگرن و داواکردنی سکاڵای یاسایی وەک یەکێک لە داواکارییەکان بۆ وەرگرتنی شایستەی دارایی قەرەبووکردنەوەم بە پێشهاتێکی ترسناک وەسفدەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەشێکی زۆر لە قوربانییەکان دووچاری هەراسانکردن بوونەتەوە، کاتێک لە دادگا وەک مەرجێک وەسفکردنی ئازارەکانیان دەخرێتەڕوو ئەمەش رزگاربووان جارێکی دیکە دەخاتەوە ژێر مەترسی زەبر و زەنگ.  

بەگوێرەی یاسای رزگاربووانی ئێزدی کە ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندکرا، رزگاربووانی دەستی تاوانەکانی داعش، مافی داواکردنی قەرەبووکردنەوەیان هەیە لە شێوەی بڕینەوەی مووچەی مانگانە، دابینکردنی پارچە زەوی و پێدانی مافی دامەزراندن و درێژەدان بە خوێندن.

رێکخراوەکان لە راگەیەندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، پێویستە حکومەتی عێراق مەرجی سکاڵای یاسایی هەڵبوەشێنێتەوە و پەیڕەوی رێکار و داواکردنی بەڵگەکان بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دابڕێژێتەوە کە دۆخ و پێداویستییەکانی رزگاربووان لەبەرچاوبگریرێت بۆ پێشکەشکردنی قەرەبووکردنەوەی گونجاو و خێرا.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە، "نابێت رزگاربووانی ئێزدی سکاڵای یاسایی تۆماربکەن بۆ دەستگەیشتن بەو قەرەبووانەی کە مافی خۆیانە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەڵگە زۆرەی کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکان و رێکخراو و میدیاکانەوە کۆکراونەتەوە".

Fly Erbil Advertisment