دوای بوونی بە ئەندامی ناتۆ فینلەندا یەکەمین مانۆڕی سەربازی ئەنجامدا

K24 - هەولێر
فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی فینلەندا بڵاویکردەوە، بەهاوبەشی ئەڵمانیا و پرتوگال مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشیی دەریاییان لە کەنداوی فینلەندا ئەنجامداوە.
فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی فینلەندا راشیگەیاندووە، سوپاکەیان بە سێ کەشتی بەشداری مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکەی لەگەڵ ئەڵمانیا و پرتوگال کردووە و مانۆڕەکەش دوو رۆژی خایاندووە.
لەلایەکی دیکەوە و پاش دوو هەفتە لە بەئەندامبوونی لە ناتۆ، فینلەندا دەستی بە دروستکردنی بەربەستێکی ئاسنی بە درێژای 1300 کیۆمەتر لەسەر سنوورەکانی رووسیا کردووە، وەک بەرپرسانی فینلەندیش باسی لێوەدەکەن، ئامانجە لەبەربەستەکە پاراستنی سنوورەکانیانە.
لە 4ی نیسانی 2023 و لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، دوای ساڵێک لە هەوڵەکانیان فینلەندا بوو بە 31مین ئەندامی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).
سوید و فینلەند زیاتر لە ساڵێک هەوڵەکانیان بۆ بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ خستەگەڕ، پاش رازیبوونی تورکیا فینلەندا بە فەرمی بووە ئەندامی ناتۆ، بەڵام سوید تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی دەبێتە ئەندام و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تورکیا چەند داواکاری هەیە لە سوید، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون.
فینلەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتووانی کەمە و ئێستا 5 ملیۆن 500 هەزار کەس دەبێت، کۆی بەرهەمی ناوخۆی 297 ملیار و 5 ملیۆن دۆلارە، گەشەی ناوخۆی وڵاتەکە %2ـە.