لافاو رێگەی چەند گوندێکی سعوودیەی داخستووە؛ "ژیانمان نەماوە"

دیمەنی دروستبوونی لافاو لە گوندێکی سەر بە پارێزگای مەککەی سعوودیە | وێنە: میدیاکانی سعوودیە
دیمەنی دروستبوونی لافاو لە گوندێکی سەر بە پارێزگای مەککەی سعوودیە | وێنە: میدیاکانی سعوودیە

K24 - هەولێر:

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوەوە، هاووڵاتییانی ژمارەیەک گوندی سەر بە پارێزگای عەرزیاتی سەر بە ناوچەی مەککەی سعوودییە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنن و رێگەی گوندەکانیان داخراون. وەکو خۆیان دەڵێن، بەهۆی لافاوەوە "ژیانمان نەماوە".

لافاوەکە بووەتە هۆی داخرانی رێگەی هەر یەک لە گوندەکانی (تائیف، قەرزەبیل، سەمران و مەتنە) و بەوهۆیەوە قوتابیانی ئەو گوندانە ناتوانن بچنە قوتابخانەکانیان و لە خوێندن بێبەشن. خاوەن کارەکانیش ناتوانن بچنە سەر کارەکانیان.

هاوکات بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی "سەبەق"ـی سعوودی، بەهۆی داخرانی رێگەکانیان، گەیاندنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ ئەو گوندانە ئەستەم بووە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، هاووڵاتییانی ئەو گوندانە چەندین جار هەوڵیانداوە پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بکەن، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

 

ناوەندی نیشتمانی کەشناسی سعوودیە بڵاویکردووەتەوە، ماوەی چەند رۆژێکە شەپولێکی بارانبارینی بەخوڕ زۆرینەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە و بە تایبەت ناوچەی 'مەککە'ـی گرتووەتەوە.

هاوکات چەند رۆژێک لەمەوبەر ناوەندەکەی کەشناسی هۆشداریدا لە هاتنی شەپولێکی بەخوڕی بارانبارین بۆ ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکانی مەدینە، مەککە و ریاز.