سێ تۆمەتباری سەرەکی لە رووداوی پەلاماردانی پارێزەرەکەی هەولێر دەستگیرکران

سێ لە تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان
سێ لە تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان

K24 – هەولێر:

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، سێ تۆمەتباری سەرەکی لە رووداوی رفاندن و ئەشکەنجەدانی پارێزەرێک لە هەولێر دەستگیرکران.

ئەمڕۆ شەممە (15ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) هەواڵی رفاندن و ئەشکەنجەدانی پاریزەرێک لە شاری هەولێر لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە کە رووداوەکە شەوی پێشتر ئەنجامدراوە، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتباری ئەو رووداوەی دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.

هەروەها سەرچاوەکەی ئاسایشی هەولێر روونیکردەوە، کە بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە بەردەوام دەبێت تا دەستگیرکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی ئەو تاوانە و رادەستکردنیان بە دادگا بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی.

ئەمڕۆ بەیانی (15ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، چەند کەسێک لە هەولێر هێرشیان کردە سەر پارێزەرێک بەناوی محەممەد یابە سۆفی، دوای ئەوەی زۆری لێدەدەن و قژیان تاشیوە و جێیان هێشتووە.

دوای رووداوەکەش، ئەو پارێزەرە بۆ چارەسەری پزیشکی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر و یونس یابە، برای ئەو پارێزەرە بە کوردستان24ی گوت: "هێرشکردنە سەر براکەم بەهۆی کەیسی ژن و مێردێک بووە، ماڵی ژنەکە براکەمیان کردووەتە بریکاری خۆیان، لایەنەکەی تر کە ماڵی پیاوەکەن بە یاسا رازی نەبوونە و براکەمیان رفاندووە و سێ کاتژمێر لێیانداوە و هەموو گیانی بووەتە خوێن".

دوای رووداوەکە ئومێد خۆشناو، ۆارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەو کەسانەی بەیانی ئەمڕۆ هێرشیانکردووەتە سەر پارێزەرەکەی هەولێر، "کەسانی ناسراون" و لە زووترین کاتدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیردەکرێن. گوتیشی: هیچ کەسێک ناتوانێت تۆمەتبارەکان داڵدە بدات.

Fly Erbil Advertisment