عەرەبەکانی کەرکووک لە دروستکردنی هاوپەیمانیەتی عەرەبی شکستیانهێنا

K24 - کەرکووک:
دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لە راگەیاندنی هاوپەیمانیەتی عەرەبی لە کەرکووک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، راکان جبووری، سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی بێبەریبوونی خۆی لەو هاوپەیمانێتیە راگەیاند، هاوکات ئەنجوومەنی عەرەبی کە سەرجەم لایەنە شیعە و سوننەکانی کەرکووکی لەخۆگرتووە راکان جبوری بە کشانەوە لە ڕێککەوتنامەکە تۆمەتبار دەکات و ناشیشارێتەوە کە دەستێکی دەرەکی بۆهەڵوەشاندنەوەی ئەو هاوپەیمانیەتییە عەرەبیە هەیە.
بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2003ـوە لایەنە عەرەبییەکان دەیانەوێ لەژێر چەتری یەک هاوپەیمانی لەکەرکووک بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش هاوپەیمانیەتی عەرەبییان پێکهێنا، بەڵام ئەم هاوپەیمانیەتییە هەرزوو درزی تێکەوت و راکان جبووری کشانەوەی خۆی راگەیاند.
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی عەرەبی لە بارەی رێککەوتنەکە و کشانەوەی راکان جبووری تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، بانگەوازێکمان هەبوو بۆ یەکگرتنی لایەنە عەرەبییەکانی کەرکووک کە راکان جبووریش لەناو رێککەوتنەکەدا بوو، بەڵام تووشی سەرسوڕمان بووین کاتێک بەیاننامەیەکی دەرکرد و رایگەیاند لە دەرەوەی رێککەوتنەکەیە.
جگە لە عەرەبەکان، تورکمانەکانیش چاویان لەوەیە ئەو هاوپەیمانیەتییەی لەژێر ناوی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو بۆ هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی 2021ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهێنرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە، وەک خۆیان دەڵێن، "ئەگەرنا بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان بەشێکی زۆر لە دەنگی تورکمانەکان دەفەوتێت".
لەمبارەیەوە ماردی قایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی بە کوردستان24ـی گوت "بۆچوونی هاوبەش لەنێوان لایەنە تورکمانەکان هەیە بۆ ئەوەی بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەین، ئەویش لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتووی عێراقییە."
بڕیارە 6ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەشێوازی سیستمی سانت لیگۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجامبدرێت، تا ئێستاش دیارنییە ئاخۆ کورد چۆن بەشداری ئەو هەڵبژاردنە دەکات.
سیستمى سانت لیگۆ بۆ یەکەمجار ساڵى 2013 لە عێراق بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان جێبەجێکرا، پاشان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانی لە 2014 بەهەمان شێوە ئەو سیستەمە پەیڕەو کرا، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021، هەژمارکردنی دەنگ بە سیستەمی سانت لیگۆ راگیرا. سیستمى سانت لیگۆ بۆ یەکەمجار لە ساڵى 1951 لە هەڵبژاردنەکانى سوید و نەرویج پەیڕەوکراوە.