نوێترین زانیارییەکان سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی سودان
K24 - هەولێر:
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی سودان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە لایەنە بەشەڕهاتووەکان دەکات، دەستبەجێ شەڕ رابگرن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی قوڵی خۆی سەبارەت بە رووداوەکانی سودان دەربڕی و داوای لە سوپای ئەو وڵاتە و یەکەی پاڵپشتی خێرا کرد بگەڕێنەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆکان و رێڕیوەی گەیاندنی هاوکاری بۆ خەڵکی مەدەنی بکەنەوە.
ئەنجومەنی ئاسایش پاڵپشتی خۆشی بۆ یەکپارچەی خاکی سودان و سەروەریی و پێگە نێودەوڵەتییەکەی دووپاتکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەریەکە لە سعوودیە و میسر داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کۆمکاری عەرەبییان لەسەر دۆخی سودان کرد.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، دۆخی سودان هەستیارە و هەندێ لایەن دەیانەوێت لەبەرژوەندی خۆیان دژی ئەو دۆخە کاربکەن.
بلینکن راشیگەیاند، ئەمەریکا پاڵپشتی گەڕانەوەی حکومەتی مەدەنی دەکات.
سەندیکای پزیشکانی سودان بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی بەهۆی پێکدادانەکانی سوپا و یەکەی پاڵپشتی خێرا کوژراون گەیشتووەتە نزیکەی 60 کەس.
سەندیکای پزیشکانی سودانی بڵاویشیکردەوە، ژمارەی کوژراوان تا ئێستا 58 کەس و بەردەوامیش ژمارەکە لە زیادبووندایە، سەرباری برینداربوونی دەیان کەسی دیکەش.
باسی لەوەشکرد، لەو 58 کەسەی کوژراون 25 کەسیان لە خەرتوومی پایتەخت بوون و هەشتی دیکەیان لەناوچەی بەحری و 11ـیان لە ناوچەی ئوم دەرمان بوون.
بەپێی خەمڵاندنەکانیشیان، ژمارەی بریندارانی مەدەنی و سەربازی بەهۆی پێکدادانەکانەوە 500 کەسی تێپەڕاندووە.