لە دوای وادەی دیاریکراو سزا بۆ هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەستپێدەکات

وەزارەتی ناوخۆ 21ی تەمووزی ئەمساڵی وەک دوایین وادە دیاریکردووە

K24 – هەولێر

بەگوێرەی ئەو وادەیەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، 21ی تەمووزی 2023 دوایین وادەیە بۆ ئەو کەسانەی چەکی بێ مۆڵەتیان هەیە تا رادەستی بنکەکانی بکەن، لە دوای ئەو وادەیە سزا دەدرێن.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی تایبەتی بە بابەتی  کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت و دیاردەی چەکداری داوە. بە گوێرەی رێنمایی ژمارە 5ی ساڵی 2022ی وەزارەتی ناوخۆ، ماوەی یەک ساڵ دراوەتە هاووڵاتیان تا ئەوانەی چەکی بێ مۆڵەتیان هەیە لە یەکێک لە 42 بنکەکانی تۆمارکردن، چەکەکانیان تۆمار بکەن، ئەو ماوەیە لە 21ی تەمووزی 2023 کۆتایی دێت. هاووڵاتیان دەتوانن لەو ماوەیەی ماوە، سەردانی یەکێک لە بنکەکان بکەن چەکەکانیان تۆمار بکەن.

بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو هاووڵاتییەی چەکەکەی تۆمار دەکرێت، دەستی بەسەردا ناگیرێت. بەڵام نابێت ئەو چەکەکە بباتە دەرەوە و هەڵیبگرێت. چەکی تۆمارکراو، دواتر دەتوانرێت داوای مۆڵەتی بۆ بکرێت یان بفرۆشرێت. هەر چەکێک لە دوای 21ی تەمووزی 2023 بەدەست هەر هاووڵاتیەک بگیرێت، هاووڵاتیەکە دەستگیر دەکرێت و بە گوێرەی ماددەی 15 لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 سزا دەدرێت و چەکەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت.

بە گوێرەی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 15 ی یاسای چەک: "هەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکیبکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بە بەندەکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، و بە پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت".

وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە: "داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە سەردانی بنکەکانی تۆمارکردنی چەک بکەن و چەکەکانیان تۆمار بکەن، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبنەوە".

.
.
.

 

Fly Erbil Advertisment