ئێران: ئەوانەی هانی لابردنی حیجاب دەدەن سزایان توندترە لەوانەی نایپۆشن

K24 - هەولێر
رۆژی شەممەی رابردوو، دادگای ئێران هۆشداریی دایە ئەو کەسانەی کە هانی ژنان دەدەن بەنەپۆشینی حیجاب، بە شێوەیەکی تاوانکاری دادگایی دەکرێن.
ئاژانسی هەواڵی مێهر لە زاری عەلی جەمادی، جێگری داواکاری گشتییەوە بڵاویکردووەتەوە، "ئەوانەی هانی لابردنی حیجاب دەدەن، ئەوانە بڕیارەکانیان کۆتاییە و ناتوانرێت لە دادگا تانەی لێبدرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، سزای تاوانی ئەوانەی هانی لابردنی حیجاب دەدەن زۆر توندترە لەوانەی حیجابەکە ناپۆشن.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتانی ئێران، سەرپێچی لە یاسای لەبەرکردنی حیجاب دەکەن، لە مۆڵەکانی بازرگانی، چێشتخانە، فرۆشگا، شەقام و شوێنە گشتییەکانی دیکەدا بەبێ حیجاب دەردەکەون.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا ژمارەیەک ئافرەت و چالاکوانی ناوداریش وێنەی خۆیان لە سۆشیال میدیا بڵاوکردووەتەوە بەبێ باڵاپۆشی.
ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێران، رۆژی شەممە، بڵاویکردەوە، پۆلیسی ئێران دەستی کردووە بە دانانی کامێرای زیرەک لە شوێنە گشتییەکان بۆ ناسینەوەی پێشێلکارییەکانی یاسای حیجاب، ئەو ئافرەتانەی یاسا دەشکێنن، هۆشدارییان پێدەگات سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی.
پۆلیس دەشڵێت: ئەو کامێرایانەی کە بەدواداچوون بۆ ئەم سەرپێچییە دەکەن بە هەڵەدا ناچن، بەڵام ئەگەر وەرگری پەیامەکە نارەزایەتی هەبوو ئەوا نارەزایەتی یەکەم قبوڵ دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، حکومەتەکەی بە رێگەی رۆشنبیری هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی حیجاب دەدات.
رەئیسی ئاماژەی بەوەشکرد: دوژمنانی ئێران پلان دەگێڕن بۆ ئەوەی حیجاب بکەنە پرسێکی ئەمنی، بەڵام سوێندی خوارد کە رێگە نادات ئەوە رووبدات.