سوودان لە کودەتا نزیکدەبێتەوە
لە پەنجاکانەوە زیاتر لە 10 جار لە سوودان کودەتای سەربازی روویداوە

K24 – هەولێر:
لە پەنجاکانەوە تا ئێستا، زیاتر لە 10 جار لە سوودان کودەتای سەربازی روویداوە، واتە بە دەگمەن لەرێگەی هەڵبژاردنەوەی دەستاودەستی دەسەڵات روویدابێت، ئێستا جارێکی دیکە سوودان لە کودەتایەکی دیکە نزیکدەبێتەوە. دوو لایەنی سەربازی هەڵپەی دەسەڵاتیانە و رووبەرووی یەکتر بوونەتەوە و دەیان کەس بەهۆی شەر و پێکدادانەکانی نێوانیانەوە کوژراون. نەتەوەیەکگرتووەکانیش پێشنیازی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی کردووە و داواش دهكات ئاگربەست رابگەیهندرێت.
دۆخی سوودان تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، شەڕ و پێکدادان لەنێوان گروپە چەکدارەکان کە هەڵپەی دەسەڵاتیانە هێشتا بەردەوامە. تا ئێستا 56 هاووڵاتی سڤیل کوژراون، سێ لە کوژراوەکانیش کارمەندی ئاژانسی خۆراکی نەتەوەیەکگرتووەکانن.
سوودان ئەندامی کۆمکاری عەرەبیە، دۆخی زۆر خراپی سوودان، وڵاتانی ئەندامی کۆمکارەکەی ناچارکرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامبدات.
نوێنەری سوودان له كۆمكاری عهرهبی داوای کۆبوونەوەکەی کردووە و لەوێش داوای هاوکاری لە وڵاتانی عەرەبی کرد.
ئەلسادق عومەر عەبدوڵڵا، نوێنەری سوودان لە کۆمکاری عەرەبی رایگهیاند، دەبێت راشکاوبین ئەوەی لە سوودان روودەدات کێشەی ناوخۆییە، هاوکات هەموو هەوڵەکان لە برا عەرەبەکانمان پێویستن، تا دۆخی وڵاتەکە ئارام بکەینەوە، داوای ئەم کۆبوونەوەیە دەکەین تا ئەمخاڵە پشتڕاست بکەینەوە و پێشنیازی ئەوە بکەین رێککەوتن بۆ سوودانیەکان بەجێبهێڵین و دووربێ لە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی".
شەڕ و رووبەرووبونەوەی گروپە چەکدارەکان بۆ رۆژی دووەم بەردەوامە، سەندیکای پزیشکانی سوودان ئاشکرای دەکات، دەیان کەس لەریزی گروپە چەکدارەکان کوژراون و تا ئێستا نەتوانراوە ئاماری تەواوی قوربانییەکان کۆبکەنەوە و زیاتر لە 600 کەسیش برینداربوون.
لهمبارهیهوه نوێنەری میسر لە کۆمکاری عەرەبی، داوا لە سوودانیەکان دەکات دەستبەجێ رووبەڕووبوونەوەی چەکداری راگرن.
عوبەیدە ئەلدەندەراوی، جێگری نوێنەری هەمیشەیی میسر لە کۆمکاری عەرەبی رایگهیاند، "شاندی وڵاتەکەم داوا لە لایەنەکانی سوودان دەکات، دەستبەجێ کۆتایی بە رووبەرووبوونەوەی چەکداری بهێنن، تا رێگری لە خوێن رشتنی زیاتر بکرێت و سەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتیان و هەروەها موڵکەکانی برا سوودانیەکان پارێزراوبن، هۆشداری دەدەین لەبارەی زیادبوونی توندوتیژی لە کۆماری سوودان، میسر بەردەوامە لە پابەندی قووڵی و پاڵپشتیکردنی لە سەقامگیری سوودان و سەروەری خاکەکەی، جەختیش لە گرنگی دەستێوەرنەدانی دەرەکی لە کێشە ناوخۆییەکانی سوودان دەکاتەوە".
لە چەند هەفتەی رابردوو هەردوو لایەنی دژبەر ژەنهراڵ عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی هێزە چەکدارەکان و ژەنهراڵ محەممەد حەمدان دەگالۆ فەرماندەی گشتی هێزی وەڵامدانەوەی خێرا، دەیان هەزار چەکداریان رەوانەی پایتەخت کردووە و هەریەکەیان دەیەوێت خۆی دەسەڵات بگرێتەدەست.
سەرەڕای هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، هەردوولا رەتیدەکەنەوە ئاگربەست رابگەیهنن و ناکۆکییەکانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن.
لەسەر داوای نەتەوەیەکگرتووەکان تەنیا بۆ 3 کاتژمێر هەردوولا رەزامەندیان نیشانداوە بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی شەڕ رابگرن. بەدەگمەن لە سوودان بە هەڵبژاردن دەسەڵات دەستاودەست کرابێت لە رۆژی سەربەخۆییەوە لە ساڵی 1956ەوە تا ئێستا 13 جار کودەتا روویداوە.