سەندیکای پارێزەرانی کوردستان هێرشکردنە سەر پارێزەران شەرمەزار دەکەن
K24 – هەولێر:
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، هێرشکردنە سەرپارێزەران شەرمهزار دەکات و داوا دەکات گیانی پارێزەران پارێزراو بێت و هەرچی زووە تاوانباران دەستگێربکرێن و راپێچی دادگا بکرێن.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە (15ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، چەند کەسێک لە هەولێر هێرشیانکردە سەر پارێزەرێک بەناوی محەممەد یابە سۆفی، دوای ئەوەی زۆری لێدەدەن و قژی دەتاشن و جێیدەهێڵن.
ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە گیانی پارێزەران پارێزراو بێت و رێگری بکرێت لە تاوانكردن بهرامبهریان، هەروەها لە پاڵ سکاڵای داواکار، سەندیکای پارێزەران سکاڵای خۆیان تۆمار دەکەن.
هەروەها سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، راشیگەیاند، داوا دەکەن گیانی پارێزەران پارێزراو بێت و تاوانی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی ئاسایش و ناوەخۆ كرد. کە تاکو ئێستا 3 لە تۆمەتبارانی ئەم تاوانەیان دەستگیركرد.
دوای رووداوەکەش، ئەو پارێزەرە بۆ چارەسەری پزیشکی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر و یونس یابە، برای ئەو پارێزەرە بە کوردستان24ی راگەیاند: "هێرشکردنە سەر براکەی بەهۆی کەیسی ژن و مێردێک بووە، ماڵی ژنەکە براکەیان کردووەتە بریکاری خۆیان، لایەنەکەی تر کە ماڵی پیاوەکەن بە یاسا رازی نەبوونە و براکەیان رفاندووە و سێ کاتژمێر لێیانداوە و هەموو گیانی بووەتە خوێن.