سەرۆککۆماری عێراق: ئامادەین ھاوکاربین بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکانی سوودان

K24 - هەولێر:
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، عێراق ئامادەیە ھەوڵەکانی بخاتەگەڕ لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتەکان بۆ سازکردنی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەنێوان لایەنەکانی سوودان، بەشێوەیەک کە ھاوکار بێت بۆ زاڵبوون بەسەر لۆژیکی ئاشتیی و پتەوترکردنی رێرەوی دیموکراسی لەو وڵاتە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، راگەیەندراوێکی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقی لەبارەی رەوشی ئێستای سوودان بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پێشھاتەکانی ئێستای ناوخۆی سوودان دەکەن کە بەھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی بوونەتە قوربانی و زیانیش بەر دامەزراوەکان کەوتووە و دەرفەتی پێشکەوتن و رێڕەوی دیموکراسیی لەو وڵاتە پەکخستووە.
سەرکۆماری عێراق متمانەی خۆی بە ژیری و توانای لایەنەکانی سوودان نیشانداوە لەوەی بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر دەکەن و ئەم قەیرانەیش تێدەپەڕێنن و داوایشی کردووە کە بەپەلە شەڕ و پێکدادانەکان لە سوودان رابگرێت و لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ ئاشتیی و دیموکراسی.
لەتیف رەشید جەختی لەوەشکردووەتەوە، عێراق ئامادەیە ھەوڵەکانی بخاتەگەڕ لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتەکان بۆ سازکردنی گفتوگۆی بونیادنەرانە نێوان لایەنەکانی سوودان، بەشێوەیەک کە ھاوکار بێت بۆ زاڵبوونی لۆژیکی ئاشتیی و پتەوترکردنی رێرەوی دیموکراسی لەو وڵاتە.
رۆژی 15ی نیسان لە خەرتوم پایتەختی سوودان و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا روویدا و لە ئەنجامدا 56 مەدەنی کوژران و 595 کەسیش برینداربوون.