شوان كه‌لاری: ئاینده‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستان له‌سایه‌ی رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا باش ده‌بێت

شوان كه‌لاری
شوان كه‌لاری

K24 - هەولێر:

په‌رله‌مانی عێراق خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌مه‌ بۆ بودجه‌ی گشتی عێراق، له‌مباره‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانتارێكی كورد رایده‌گه‌یه‌نێت، هێشتا خه‌ڵكانێك هه‌ن دژایه‌تی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق ده‌كه‌ن.

شوان كه‌لاری ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان له‌ په‌رله‌مانی عێراق (فراكسیۆنی پارتی)، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق، له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان هاتووه‌، جیا له‌وه‌ش ته‌واوی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ری رێككه‌وتوون، پێناچێت گرفتی بۆ دروستبكرێت، به‌ڵام هێشتا ده‌نگی نه‌شاز هه‌ن دێن دژایه‌تی كورد ده‌كه‌ن.

شوان كه‌لاری هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، به‌گشتی گرفت بۆ بودجه‌ دروست نابێت، ئاینده‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستان له‌سایه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ باش ده‌بێت.

له‌باره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت، ئێمه‌ له‌ فراكسیۆنی پارتی 100 واژوومان كۆكردووه‌ته‌وه‌، له‌چوارچێوه‌ی یاسای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووانی ده‌ستی رژێمی رووخاو، داوامانكردووه‌ له‌م بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌ شتێك بۆ زیانلێكه‌وتووانی هه‌رێمی كوردستان دابنرێت.

رۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و رایگەیاند، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی رێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.

Fly Erbil Advertisment