رێبوار بابکەیی: پێویستە حکومەتی عێراق شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت

K24 –هەولێر:
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەینێت، پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە رێکكەوتنەکان و خەرجکردنی شایستەدارییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووشەممە (17ــی نیسان/ ئێپڕڵی 2023)، رێبوار بابکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و دابینکردنی مووچەی مانگی نیسانیش ئەرکی سەرشانی ئەوانە.
هەروەها راشیگەیاند، نەوتی هەرێمی کوردستان نەفرۆشراوە، هەناردەکردنی وەستاوە ئەمەش بەپرسیاریەتییەکە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو نێوەندەدا پێداگیربووە بەو رێککەوتنە و هیچ پەرپرسیاریەتییەکی ناکەوێتە سەرشان.
رۆژی (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی واژووکرا.