هێرش کرایە سەر ماڵی باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە سوودان

بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە یەکێک لە گەڕەکەکانی خەرتوومی پایتەختی سوودان دوای پێکدادانەکان لەنێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا | یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023 | Marwan Ali / AP
بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە یەکێک لە گەڕەکەکانی خەرتوومی پایتەختی سوودان دوای پێکدادانەکان لەنێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا | یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023 | Marwan Ali / AP

K24 - هەولێر:

 جۆزێپ بۆڕێل، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش رایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر ماڵی باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە سوودان.

رۆژی سێشەممە 18ـی نیسانی 2023، بۆرێل، لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە: "پێش چەند کاتژمێرێک هێرش کراوەتە سەر ماڵی باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە سوودان".

بۆرێل، ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە پێشێلکارییەکی سەختی ریککەوتننامەی ڤیەننایە و گوتی: "ئاسایشی دامەزراوە دیپلۆماسی و کارمەندەکانی لە پێشینەی پەرپرسیارێتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی سوودانە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتییە".

لە خەرتوومی پایتەختی سوودان و چەند شارێکی دیکەی وڵاتەکە، لە بەیانی رۆژی 15ی نیسانەوە پێکدادان لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای نیمچەسەربازی دەستیپێکرد.

ناکۆکییەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا سەبارەت بە چاکسازیی ئەمنیی سەربازی کە پێشنیاری ئەوەی کە "هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە تەواوەتی بچێتە ناو سوپاوە" کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەردەوامە، گەیشتە پێکدادانی سەربازیی لە نێوان هەردوو هێزەکە.

ڤۆلکەر پێرتس، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سوودان رایگەیاند، بەهۆی پێکداداناکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا 185 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 800 کەسی مەدەنی و سەرباز برنیداربوون.

Fly Erbil Advertisment