هەولێر؛ دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری پزیشکی بەسەر سەنتەری نەخۆشانی تالاسیمادا دابەشکرد

K24 - هەولێر:
دەزگای خێرخوازی بارزانی ژمارەیەک هاوکاری پزیشکی بەسەر سەنتەری نەخۆشانی تالاسیما لە شاری هەولێر دابەشکرد و هاوکارییەکان بەردەوامیان دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی نیسانی 2023، ستاڤ ئاسۆ، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەزگای خێرخوازی بارزانی بە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوی (ئێڵ بی ئێس)ـی ئەمەریکی کاروانی دووەمی هاوکاری پزیشکی لەماوەی ئەمساڵدا بە بڕی 20 هەزار دۆلار بەسەر سەنتەری نەخۆشانی تالاسیمیای شاری هەولێر دابەشکرد.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازی بارزانی راشیگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا هەوڵمانداوە بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای گەلی ئاوا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری کۆمەڵایەتی ئەو حەوت کۆمەڵانەی لە هەرێمی کوردستان هەن، کە کۆمەڵەی تالاسیمیای پاریزگای هەولێر، یەکێک بووە لەوانە، سوودمەندیان بکەین، خێزانەکانیشیان بە سەبەتەیەک خۆراک سوودمەند کراینە."
ستاڤ ئاسۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵ دەدەن لەماوەی چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا کاروانی سێیەمی هاوکارییە پزیشکییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بەسەر سەنتەری نەخۆشانی تالاسیمیای هەولێردا دابەشبکەن.
لای خۆیەوە، دکتۆر چەتۆ، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشانی تالاسیمیای هەولێر وێرای سوپاسیکردنی دەزگای خێرخوازی بارزانی و رێکخراوی (ئێل دی ئێس)، رایگەیاند، جاری یەکەم نییە دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری پزیشکی پێشکەشی سەنتەرەکە دەکات و دەڵێت، "لە هەموو کاتە سەختەکاندا" لەگەڵماندا بووە.