سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی بەرەکانی جەنگی لە شاری دۆنێتسک کرد
K24 - هەولێر:
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی یەکە سەربازییەکانی لە ئاڤدیڤکا لە هەرێمی دۆنێتسک کرد و لەگەڵ فەرماندەکانی سوپا کۆبووەوە و دۆخی جەنگ و پێداویستییەکانی سوپایان تاوتوێکرد.
بەهەمان شێوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیاش بەسەردانێکی لەناکاو یەکە سەربازییەکانی رووسیای لە ناوچەی خیرسۆنی باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەسەرکردەوە.
لە سەردانەکەیدا سەرۆکی ئۆکرانیا خەڵاتی فەرماندە و سەربازەکانی کرد و رایگەیاند، داهاتووی ئۆکرانیا لە نێو دەستی ئەو سەربازانەدایە.
زێلێنسکی هەروەها گوتی: "زۆر خۆشحاڵ، کە ئێوە دەبینم و تەوقە لەگەڵ ئەو دەستە بەهێزانەدا دەکەم و دەزانم داهاتووی ئۆکرانیا لە نێو ئەم دەستانەدایە".
گوتیشی: "شانازی دەکەم کە ئۆکرانیا ئەم جۆرە کەسە بەهێزانەی هەیە، سوپاستان دەکەم، خۆڕاگربن و سەلامەتبن، داهاتووی ئێمە پەیوەستە بە ئێوە."