نەهرۆ رواندزی: دڵنیایی دەدەینە مووچەخۆران کە کێشەی مووچە نامێنێت

نەهرۆ رواندزی
نەهرۆ رواندزی

K24  - هەولێر:

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی دوێنی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رایگەیاند، حکومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان، مانگانە 400 ملیار دەنێرێت. ده‌شڵێت: دڵنیایی دەدەینە مووچەخۆران، کە کێشەی مووچە نامێنێت.

لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی كوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێکەشی دەکات، نەهرۆ رواندزی جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند، لەکاتی هەبوونی کورتهێنان لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق پڕیدەکاتەوە، پابەندیشە بەوەی کە ئه‌و کارە بکات.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز، ئاماژەی بەوەشکرد، کێڵگەکانی بەسرە قەرەبووی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.

رواندزی روونیکردەوە، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی داهاتوو لە رێگەی نامەیەک تورکیا ئاگادار دەکرێتەوە، ئەگەر هاتوو هەناردەکردنەکەش دەستیپێنەکردەوە، ئەو کات ئەرکی حکومەتی عێراقە مانگانە کورتهێنان لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە.

هه‌روه‌ها گوتیشی: "دڵنیایی دەدەینە هەموو مووچەخۆرانی کوردستان، کە کێشەی مووچە نامێنێت".

رۆژی (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی واژووکرا.

Fly Erbil Advertisment