سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی عێراق لە دەست پۆلیس هەڵات

K24 - هەولێر:
سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی عێراق لەنێو یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی ناوچەی سەوزی بەغدا هەڵات.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی نیسانی 2023، سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی عێراق لەنێو بنکەی پۆلیسی کەرادە لە ناوچەی سەوزی بەغدا هەڵات. ئاماژەیان بەوەشکردووە، "کەمبەش لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنییەوە هەڵاتووە".
دوای رووداوەکە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ فەرمانیکردووە بە دەستگیرکردنی ئەفسەرانی هەر یەکە لە بنکەکانی پۆلیسی ساڵحییە و کەرادە مەریەم و ئەفسەرە ئێشکگرەکەی بنکەکە لە ناوچەی سەوزی بەغدا بەهۆی رووداوی هەڵاتنی سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سووننی عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، وەزیری ناوخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنی سەعد کەمبەش پێکهێناوە.
لای خۆیەوە، هیشام روکابی، راوێژکاری میدیایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لەبارەی رووداوی هەڵاتنی کەمبەش گوتی، "هەڵهاتنی کەمبەش دەبێتە هۆی دەستپێکردنی شۆڕشێکی گەورە لەدژی ئەو میکانیزمە گەندەڵانەی بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکارە گەورەکان دەگیرێنەبەر".
رۆژی سێشەممە 21ـی ئاداری 2023، دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سووننی بەتۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی راگەیاند.