لە رۆژی جیهانی مۆزدا ئەم زانیارییانەی لەبارەوە بزانە

K24 - هەولێر:
سێیەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک کە ئەمساڵ کەوتە رۆژی 19ـی نیسانەوە، بە رۆژی جیهانی مۆز دادەنرێت.
مۆز یەکێکە لە کۆنترین میوە چێنراوەکانی جیهان و مێژووەکەی بۆ 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئێستاش 5.6 ملیۆن هێکتار زەوی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ بەرهەمهێنانی مۆز بەکاردەهێندرێت.
خواردنی مۆز لەگەڵ نانی بەیانیدا بە باشترین کات دادەنرێت بۆ خواردنی ئەم میوەیە کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڤیتامین Cـیە، بەڵام باشترە لەسەر گەدەی بەتاڵ نەخورێت.
هەموو رۆژێک نزیکەی 100 ملیار مۆز دەخورێت لە جیهاندا، هاوکات هیندستان بە گەورەترین بەرهەمهێنەری مۆز دادەنرێت کە ساڵانە نزیکەی 29 ملیۆن تۆن بەرهەمی مۆزی هەیە، لەدوای ئەویش چین بە بەرهەمی ساڵانەی 11 ملیۆن تۆن مۆز، لە پلەی دووەمدایە.
مۆز جگە لەوەی سەرچاوەیەکی باشی ڤیتامین Cـیە، لەهەر 100 گرامێکی نزیکەی 358 میللی گرام پۆتاسیۆم هەیە کە بۆ تەندروستی دڵ و پەستانی خوێن سوودبەخشە.
لە مانگی کانوونی یەکەمی 2019 مۆزێک کە بە (شریت) تیپێک بە دیوارێکەوە نووسابوو، وەک پارچەیەکی هونەری لە مایامی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکا بە 120 هەزار دۆلار فرۆشرا.
ئەو مۆز و شریتەی کە باسی لێوە دەکرێت کاری هونەرمەندی ئیتاڵی ماوریزیۆ کاتێلان بوو بە ناونیشانی "کۆمیدیا".