ئەندامانی خێزانەكەی سەعد كەمبەش لە كەركووك دەستگیركران

سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی عێراق
سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی عێراق

K24 - کەرکووک:

‎لە یەكێك لەبازگەكانی كەركووك پێنج ئەندامی خێزانەكەی سەعد كەمبەش، سەرۆكی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی عێراق كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دەست پۆلیس هەڵاتبوو، دەستگیركران.

‎ئەمڕۆ چوارشممە 19ـی نیسانی 2023، سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركووك هەواڵەكەی بۆ كوردستان24 پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، لە كاتی تێپەڕبوونیان لە بازگەیەکی کەرکووک، هەریەك لە هاوژین و دووكوڕ و كچێكی و برایەكی سەعد كەمبەش، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، پێشتر زانیاریان هەبووە و سەرجەم بازگەكانیان ئاگادارکردوونەتەوە بۆ دەستگیركردنی سەعد كەمبەش.

‎سەرچاوەکە هەواڵی دەستگیركردنی سەعد كەمبشی رەتكردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، تەنیا ئەندامانی خێزانەكەی لە نێو ئۆتۆمبێلەکە دەستگیرکراون و ڕادەستی هێزە ئەمنییەكانی بەغدا دەكرێنەوە.

‎لای خۆیەوە، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەموو ئەفسەرانی ئەو بنکەی پۆلیس دەرکردووە، کە چاودێری سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننیان دەکرد و دەڵێت: سەعد کەمبەش بە هاوکاری سێ کەس لە زیندان هەڵاتووە و دوو ئۆتۆمبێل لە دەرەوە چاوەڕێیان کردووە و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕۆیشتوون".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی نیسانی 2023، سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی عێراق لەنێو بنکەی پۆلیسی کەرادە لە ناوچەی سەوزی بەغدا هەڵات. ئاماژەیان بەوەشکردووە، "کەمبەش لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنییەوە هەڵاتووە".

دوای رووداوەکە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ فەرمانیکردووە بە دەستگیرکردنی ئەفسەرانی هەر یەکە لە بنکەکانی پۆلیسی ساڵحییە و کەرادە مەریەم و ئەفسەرە ئێشکگرەکەی بنکەکە لە ناوچەی سەوزی بەغدا بەهۆی رووداوی هەڵاتنی سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سووننی عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، وەزیری ناوخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنی سەعد کەمبەش پێکهێناوە.

لای خۆیەوە، هیشام روکابی، راوێژکاری میدیایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لەبارەی رووداوی هەڵاتنی کەمبەش گوتی، "هەڵهاتنی کەمبەش دەبێتە هۆی دەستپێکردنی شۆڕشێکی گەورە لەدژی ئەو میکانیزمە گەندەڵانەی بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکارە گەورەکان دەگیرێنەبەر".

رۆژی سێشەممە 21ـی ئاداری 2023، دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سووننی بەتۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی راگەیاند.

 

Fly Erbil Advertisment