لە عێراق لێبووردنی تایبەت بۆ زیاتر لە سێ هەزار زیندانی دەرچوو

K24 - هەولێر:
بە مەرسومێکی سەرۆکایەتی عێراق لێبووردنێکی تایبەت بۆ زیاتر لە سێ هەزار زیندانی عێراق دەرچوو و ئازاد دەکرێن.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسومێکی فەرمی لێبووردنی تایبەتی بۆ سێ هەزار و 53 زیندانی دەرکرد و دوای ئەو مەرسومە زیندانییەکان ئازاد دەکرێن.
بەگوێرەی ئەو نووسراوەی لەلایەن وەزارەتی دادی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە و واژووی زیاد خەلیفە تەمیمی، بریکاری وەزارەتەکەی لەسەرە، مەرسومی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بۆ ئەو زیندانیانەیە کە لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2022 لە زینداندا بوون.

لێبووردنی تایبەت بە فەرمانێکی کۆماری دەردەچێت و دەبێتە مایەی نەمانی گشت یان بەشێکی ئەو سزایەی کە بڕیاری کۆتایی لەسەر دراوە یان گۆڕینی ئەو سزایە بە سزایەکی سووکتر لەو سزایانەی کە لە یاسادا بڕیاردراوون .
لێبووردنی تایبەت نابێتە مایەی نەمانی سزاکانی پاشکۆیی و تەواوکاریی و شوێنەوارە سزاییەکانی تر و ئامادەکارییە خۆپارێزییەکان و کاریگەری لەسەر ئەو سزایانە نییە کە پێشترجێبەجێکراوون گشت ئەوەش ئەگەر لە دەقی فەرمانی کۆماری لێبووردن باسی جگە لەوەی نەکرا بێت .