نەتەوەیەکگرتووەکان: ژمارەی دانیشتوانی هیندستان تا ناوەڕاستی ئەمساڵ ژمارەی دانیشتوانی چین تێدهپهڕێنێ

K24 – هەولێر:
نەتەوەیەکگرتووەکان پێشبینی دەکات هیندستان تا ناوەڕاستی ساڵی 2023 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر بێت لە ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی چین.
بەپێی راپۆرتێکی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ژمارەی دانیشتوان، لەسەر دۆخی دانیشتووانی جیهان، ئاماژە بەوە دەکات، ژماری دانیشتوانی هیندستان دەگاتە 1.4286 ملیار کەس بە بەراورد بە 1.4257 ملیار دانیشتوانی چین.
داتاکان دەریانخستووە کە ئەمەریکا لە پلەی سێیەمدایە لە ژمارەی دانیشتوان، کە کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی بە 340 ملیۆن کەس مەزندە دەکرێت.
لە راپۆرتەکەی سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، داتاکان رەنگدانەوەی ئەو زانیاریانەن کە تاکو مانگی شوباتی 2023 بەردەستن.
بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە مانگی یانزدەی ساڵی 2022 هەشت ملیار کەسی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ساڵی 2000 شەش ملیار کەس بوو.