دلێر محەممەد: چاوەڕێ دەکەین 100 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکانی پارێزگای هەولێر بکەن

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر رایەگەیاند، پلانی پێشوازی لە گەشتیاران لە پارێزگای هەولێر بە باشی بەڕێوەدەچێت و تیمەکانی گەشتوگوزار بەردەوام چاودێری پڕۆسەکە دەکەن بۆ ئەوەی هیچ کەموکوڕیەک روونەدات.
ئەمڕۆ هەینی (21ــی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023)، دلێر محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، دوێنێ لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر باسیان لە پلانی ئەمساڵ کرد کە چۆن ئامادەکاری بکرێت بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و پێشکەشکردنی زۆرترین خزمەتگوزاری.
هەروەها راشیگەیاند، پلانی پێشوازی لە گەشتیاران بە باشی بەڕێوەدەچێت، لە رۆژانی جەژندا زۆرینەی چێشتخانەکان کراوە دەبن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و زۆرترین خزمەتگوزاریان پێشکەشدەکرێت.
دلێر محەممەد، سەبارەت بە ئامادەکاری پارێزگای هەولێر لە جەژنی رەمەزان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، گوتی: "ئێمە ئەم جەژنە چاوەڕێ دەکەین ژمارەی گەشتیاران بگاتە سەرو 100 هەزار گەشتیار".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر، گوتیشی: " بەهۆی مانگی رەمەزانی پیرۆز جەژنی نەورۆزمان بە تەواوی نەکرد، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەم جەژنە بەرگی بەهار بپۆشێت و قەرەبووی جەژنی نەورۆزی تێدا بکرێتەوە بۆ مەبەستی گەشت و سەیران".