سوپای سوودان: لەم یەک دوو رۆژەدا کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی خەرتووم رادەگەیەنین

K24 - هەولێر:
سوپای حکومەتی سوودان رایدەگەیەنێت، ئامانجی سەرەکی پەسەندکردنی ئاگربەست، بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بووە بۆ هاووڵاتییانی سوودان، بەڵام هێزی پشتیوانی خێرا ئاگربەستەکەیان هەر زوو پێشێلکرووە و شکاندوویانە.
جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای سوودان لە بارەی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی سوودان رایگەیاند، هیچ شتێک بە ناوی هێزی پشتیوانی خێرا لە وڵاتی سوودان نەماوە و لەم یەک دوو رۆژەدا کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی خەرتووم رادەگەیەنن.
سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سوپای سوودان و هێزی پشتیوانی خێرا، جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای سوودان لایەنی هێزی پشتیوانی خێرای بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانج لە راگەیاندنی ئاگربەستەکە بۆ ئەوە بووە ئەو کەسانەی پێویستییان بە دەرمان و ئاوی خواردنەوە هەیە بتوانن دەستیان پێبگات.
هەروەها جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای سوودان هێزی پشتیوانی خێرای بە خیانەتکار و بەکرێگیراوی ئەجێندای بیانی ناو برد و رایگەیاند، تەنانەت وڵاتانی بیانیش پشتیان لێکردوون و بە رێکخراوی تیرۆریستی، تاوانبار و دز ناوزەدیان دەکەن.