ئەمەریکا بڕیاری کۆتایی لەبارەی ناردنی هێز بۆ سوودان دەدات

جەیک سولیڤان، راوێژکاریی ئاساییشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
جەیک سولیڤان، راوێژکاریی ئاساییشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رەتیدەکاتەوە پلانیان بۆ رەوانەکردنی هێز بۆ سوودان هەبێت و دەڵێت، داخستنی باڵیۆزخانەکەیان لە خەرتوومی پایتەخت 'کاتییە'.

رۆژی دووشەممە 24ـی نیسانی 2023، جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لەبارەی جەنگی نێوخۆیی سوودان و پلانی وڵاتەکەی بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان لە سوودان و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە، وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.

بەگوتەی سۆلیڤان، داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە خەرتوومی پایتەختی سوودان 'کاتییە' و وەکو خۆی دەڵێت، هەر کاتێک دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە ئاسایی بووەوە، دەرگای باڵیۆزخانەیەکان دەکەنەوە و درێژە بە کارەکانیان دەدەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی نیسانی 2023، شەڕە نێوخۆییەکەی سوودان پێی نایە رۆژی دەیەمەوە. سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو جەنگە بۆ رۆژی شەممە 15ـی نیسانی 2023، دەگەڕێتەوە. شەڕەکە لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدتی و سوپای سوودان بە سەرۆکایەتی لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهانە.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا هاوکات بە ئاماژەدان بەوەی لەوانەیە گرژی و ئاڵۆزییەکانی سوودان لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا زیاتر پەرەبسێنن، رەتیدەکاتەوە پلانیان بۆ رەوانەکردنی هێز بۆ ئەو وڵاتە هەبێت.

بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تا ئێستا جەنگی نێوخۆیی سوودان، 413 کەس کوژراون و سێ هەزار و 55 کەسی دیکەش بریندارن. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، تا ئێستا نۆ منداڵ بەهۆی جەنگە نێوخۆییەکەی سوودانەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی، سەلامەتی هاووڵاتییانی مەدەنی  و بیانی لە سوودان دەخاتە ئەستووی 'هێزە شەڕکەرەکانی' ئەو وڵاتە و بە پێویستی دەزانێت هەردوو لایەن کۆتایی بەو جەنگە بهێنن.

تا ئێستا هەر یەکە لە فەرەنسا، سعوودیە، بەریتانیا، ئێران، عێراق و دەیان وڵاتی دیکە بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی لە سوودان هاووڵاتییانیان لەو وڵاتە گەڕاندووەتەوە. هاکات ئەمڕۆ دووشەممە، جۆسێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە "ئۆپەراسیۆنێکی سەخت و ئاڵۆزدا" توانیویان زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی 'ئەوروپی' لەنێو سوودان بهێننە دەرەوە.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لەبارەی 'هێنانەدەرەوەی هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان' لە سوودان رایگەیاند، ئامرازی چاودێریکردنیان لەو وڵاتە بڵاوەپێکردووە بەمەبەستی پالپشتیکردنی هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان لە گەڕاندنەوەیان لە ڕێگەی وشکانییەوە بۆ زێدی خۆیان و "پێمانوایە رێگەکە بە کراوەیی لە بەردەم ئەمەریکییەکان دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بوورتسوودان بەجێبهێڵن".

ئەمڕۆ دووشەممە 24ی نیسانی 2023، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا رایگەیاند، لە دەستێکی شەڕی سودان لە 15ی ئەم مانگەوە سەدان کەس کوژراون و هەزارانیش بریندار بوونە و کارەساتی مرۆیی لەو وڵاتە دروست بووە، کە رەنگە ئاگری ئەو کارەساتە بۆ ناوچەکە بپەڕێتەوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز بە پێویستی زانی شەڕ و توندوتیژییەکان رابگیرێن و داوی لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد هەموو هەوڵی خۆیان بەگەڕ بخەن بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان. هەروەها باسی لەوە کرد، کار دەکەن لەسەر رێکخستنەوەی کاری ستافی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو وڵاتە بۆئەوەی بتوانن هاوکاری خەڵکی سوودان بکەن.

Fly Erbil Advertisment