لە هەولێر لە ئەنجامی شەڕەتەقەیەکدا منداڵێکی هەشت ساڵان گیانی لەدەستدا

وێنەی ئەو منداڵە هەشت ساڵییەی لە ئەنجامی شەڕەتەقەکەدا گیانی لەدەستداوە
وێنەی ئەو منداڵە هەشت ساڵییەی لە ئەنجامی شەڕەتەقەکەدا گیانی لەدەستداوە

K24 - هەولێر:

لە گەڕەکێکی هەولێر شەڕەتەقە لەنێوان ژمارەیەک تۆمەتبار و هێزە ئەمنییەکاندا روویدا و بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا. 

نزیکەی کاتژمێر 10:00ـی ئەمشەو (24ـی نیسانی 2023)، لە گەڕەکی سێتاقانی شاری هەولێر شەڕەتەقە لە نێوان ژمارەیەک تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەکان و هێزەکانی ئاسایشدا روویدا و بەهۆیەوە منداڵێکی هەشت ساڵان گیانی لەدەستدا.

تەرمی منداڵە هەشت ساڵییەکە رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش لە ئەنجامی شەڕەتەقەکەدا بریندار بووە.

تۆمەتبارەکان ئۆتۆمبێل و بەشێکی زۆری کەلوپەلەکانیان لە شوێنی رووداوەکە بەجێهێشتووە و هێزەکانی ئاسایش لە هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە بەردەوامن. 

 

 

هاوکات نەوروس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24 لە نزیک شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، ژمارەی تۆمەتبارەکان حەفت کەس بوون، یەکێکیان برینداربووە و یەکێکی دیکەشیان دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی رووداوەکەوە بەردەوامن.

پەیامنێری کوردستان24 گوتی: یەکێک لە تۆمەتبارەکان، بە چەک تەکسییەکی راگرتووە و لەژێر فشاردا شۆفێری تەکسییەکەی ناچارکردووە سواری ئۆتۆمبێلەکەی ببێت.

ژمارەیەک دانیشووی گەڕەکی سێتاقانی هەولێر بە پەیامنێری کوردستان24ـیان راگەیاند، لەکاتی روودانی شەڕەتەقەکە کارەبای گەڕەکەکە بڕاوە و بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارەکان ویستوویانە "بریندارەکەیان رزگاربکەن، شەڕەتەقەکە سەختر بووە".

 

Fly Erbil Advertisment