هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و سعوودیە تاووتوێی ئاڵۆزییەکانی سوودان ده‌كه‌ن

ئاڵای سعوودیه‌ و عێراق
ئاڵای سعوودیه‌ و عێراق

K24 – هه‌ولێر:

تا دێ ئاڵۆزی و شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان لەنێوان دوو بەرەی دژ بە یەکی حکومەتی ئەو وڵاتە پەرەدەسێنن، هاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هۆشداری دا لە پەڕینەوەی ئاگری شەڕی ناوخۆیی لە سوودان بۆ ناوچەکە.

لەمبارەیەوە ئێوارەی ئەمڕۆ (دووشەممە 24ی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەنجامداوە و باسیان لە ئاڵۆزییەکانی سوودان کردووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندووە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەنجامداوە و باسیان لە دۆخی مەترسیدار و ئاڵۆزی سوودان کردووە.

فوئاد حوسێن هەروەها لە تویتەکەیدا سوپاسی حکومەتی سعوودیەی کردووە بەهۆی گەیاندنەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی عێراقی لە سوودانه‌وه‌.

ئەو شەڕەی کە 10 رۆژە لە سوودان لەنێوان سوپا و هێزە سەربازییەکانی پشتیوانی خێرادا هەڵگیرساوە بەردەوامی هەیە و بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتە، کە بەهۆیەوە نزیکەی 500 کەس کوژراون و هەزاران دیکەش لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشبوونە.

هەروەها سەدان کەسی بیانی بە دیپلۆماتکار و کارمەندانی فریاگوزاری بەهۆی شەڕەوە گیریان خواردووە و وڵاتان کار بۆگەڕانەوەی هاووڵاتییانیان لەو وڵاتە دەکەن.

Fly Erbil Advertisment