وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە بڵاوبوونەوەی پەتایەک لەناو منداڵان پێکدەهێنێ

K24 – هەولێر
بە مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە بڵاوبوونەوەی پەتایەک لەناو منداڵان کە هەوکردنی پەردەی مێشکە، وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕی پێکهێنا.
وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردەوە "لەسەر راسپاردەی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، لەپێناو بەدواداچوونی رەوشی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک (التهاب الصحایا Meningitis) لەنێو منداڵان، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕی فراوان بۆ سەردانیکردنی مەیدانی شاری هەڵەبجە و سلێمانی بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زانستی رێکارەکانی پەتازانی و دۆزینەوەی حاڵەتەکان و دەسنیشانکردن و چارەسەریەکان و پێداویستیەکانی رەوشی ئەم نەخۆشیە لە نەخۆشخانەکانی منداڵان".
