هیندستان لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە پێش چین دەکەوێت

ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان 8 ملیار كه‌سی تێپه‌ڕاند
ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان 8 ملیار كه‌سی تێپه‌ڕاند

K24 - هەولێر:

هەفتەی داهاتوو هیندستان لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە پێش چین دەکەوێت؛ ژمارەی دانیشتووانی چینیش رووی لە کەمییە.

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە، هەفتەی داهاتوو هیندستان لەرووی ژمارەی دانیشتووانەوە پێش چین دەکەوێت.

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێ پێشبینییەکانیان هەفتەی داهاتوو ژمارەی دانیشتوانی هندستان دەگاتە یەک ملیار و 430 ملیۆن کەس، بەوەش پێش چین دەکەوێتەوە، کە لەئێستادا ژمارەی دانیشتوانەکەی یەک ملیار و 425 ملیۆن کەسە.

هەر بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ژمارەی دانیشتوانی چین رووی لەکەمییەوە و ئامارەکان ئەوە دەردەخەن، تا کۆتایی ئەم سەدەیە ژمارەی دانیشتوانی چین بۆ کەمتر لە ملیارێک کەس دادەبەزێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، حکومەتی چین بە چەندین رێگەی جیاواز هەوڵی زیادکردنی رێژەی لە دایکبوون و چارەسەرکردنی قەیرانی دانیشتووانی وڵاتەکەی دەدات.

حکومەتی چین لە دوایین هەوڵیدا، هەندێک کولتوور و دابونەریتی بە ئامانجکردووە، تاوەکو مارەیی بووک کەمببێتەوە و ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری بکرێت. هەروەها کار بۆ ئەوە دەکات دیارییە گرانبەهاکان لە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیریکردندا کەمبکرێنەوە.

ئەو بابەتە لەلایەن چەند لایەنێکی حکومەتی چینەوە کاری لەسەر دەکرێت، بەجۆرێک، دامەزراوەی فیدراسیۆنی ئافرەتانی وڵاتەکە کە لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانی لێ دەکرێت، داوا دەکات چاوخشنەوە بە پێدانی دیارییە بەهادارەکان بکرێت. هاوکات لەم ماوەی دواییشدا، بانگەشە بۆ راگرتنی رێورەسمە گرانبەهاکان دەکرێت، چونکە ئێستا لە کەرتی خێبی چین دیاری هاوسەرگیری گەیشتووەتە سەرووی 43 هەزار دۆلار.

لە لایەکی دیکەشەوە، لە شاری هانگچۆ پرۆگرامێکی راگەیەندراوە، هانی وەچە خستنەوەدەدات و هاوکاری ئەو خێزانانە دەکات کە کۆرپەی دووەمیان لەدایکدەبێت.

ئەو هەوڵانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بۆ یەکەمین جار لە 60 ساڵی رابردوودا، ژمارەی لە دایکبوون کەمی کردووە و ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ساڵی رابردوو بەراورد بە 2021 بە بڕی 850 هەزار کەس کەمی کردووە. ئەوەش بووەتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر هێزی کاری وڵاتەکە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە چینی پیر پێکهاتووە.

Fly Erbil Advertisment