د. پشدەر عەبدوڵڵا: رۆژانە لانیکەم پێنج حاڵەتی هەوکردنی پەردەی مێشك دەستنیشان دەکرێن

"زۆرینەی پزیشکەکانمان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی، پەتاکە ڤایرۆسی بێت"

K24 - هەولێر:

د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چەند جارێک گفتوگۆمان لەبارەی حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک کردووە و، هەر زوو رێکارەکانی خۆمان دەست پێ کردووە، ئێستا رۆژانە لانیکەم پێنج حاڵەتی نەخۆشیەکە دەستنیشان دەکرێت.

ئەو دکتۆرە ئەوەی خستەڕوو، بەشێك لە حاڵەتەکان لەگەڵ ئەوەدان کە پەتاکە بەکتریا بێت، بەڵام زۆرینەی پزیشکەکانیان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی، پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک هەوکرنێکی ڤایرۆسی بێت، گوتیشی: ئەو ڤایرۆسە سەدان ساڵە بوونی هەبووە، بەڵام لە ئێستادا دەکرێت زنجیرەیەک بێت کە گواستنەوەی خێراتر بێت.

بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمالی منداڵان لە سلێمانی، هەوکردنی ڤایرۆسی جیاوازە لە هەوکردنی بەکتریایی، بەشی زۆری ڤایرۆسەکان پێویستیان بە کاتە بۆ چاکبوونەوە، ئەگەر دڵنیابن حاڵەتەکە ڤایرۆسییە، دەرمانی دژە بەکتریای پێویست نابێت، لێکەوتەی خراپیان زۆر کەمترە بەراورد بە هەوکردنی بەکتریایی.

لێکەوتە خراپەکانی هەوکردنی بەکتریایی وەک ئیفلیجبوونی مێشک و لەدەستدانی بینایی.

د. پشدەر عەبدوڵڵا گوتیشی: راستە ژمارەی تووشبووان زۆرە، بەڵام زۆربەی حاڵەتەکان لەماوەی دوو رۆژدا لەژێر چارەسەردا زوو باش دەبن و تەندروستییان جێگیر دەبێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی: رەنگە لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا، کە بەشی زۆری ئەنجامی پشکینینەکان دەرچوو و دڵنیایی پێدان هەوکرنەکە ڤایرۆسییە، بڕیاری کۆتایی دەدەین، کە رەنگە زۆرینەی نەخۆشەکان بنێرینە ماڵەوە، بۆئەوەی قەرەباڵغی زۆر دروست نەبێت، هەروەها بۆئەوەی ئەو دڵەڕاوکێیەی لای خەڵکی دروستبووە، بڕەوێتەوە.

د. پشدەر عەبدوڵڵا ئاشکرایکرد، حاڵەتەکان زۆر زیاترن لەوەی کە دەستنیشان دەکرێن، بەڵام ئەگەر زۆرینەیان حاڵەتی ڤایرۆسی بن، بە سووکی پەتاکە دەگرن و، دەتوانرێت تەنیا بە دەرمان چارەسەر بکرێت و لە نەخۆشخانە نەمێننەوە، گوتیشی: حاڵەتێکیش ئەگەر گومان بکەین بەکتریا بێت، پشکنینی بۆ دەکەین، ئەیهێڵینەوە و چارەسەری بۆ دەکەین.

سەبارەت بە حاڵەتی گیانلەدەستدانی منداڵێک کە سەرەتا گوترا، بەهۆی هەوکردنی پەردەی مێشکەوەیە، د. پشدەر عەبدوڵڵا رایگەیاند، ئەوەی ئێمە زانیومانە، منداڵەکە سکچوون و رشانەوەی هەبووە و درەنگ گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام لە نەخۆشخانە کانۆلای بۆ دانەنراوە و دواتر رەوانەی لای ئێمە کراوە، بەداخەوە لە رێگا گیانی لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردەوە؛ "لەسەر راسپاردەی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، لەپێناو بەدواداچوونی رەوشی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک (التهاب الصحایا Meningitis) لەنێو منداڵان، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕی فراوان بۆ سەردانیکردنی مەیدانی شاری هەڵەبجە و سلێمانی بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زانستی رێکارەکانی پەتازانی و دۆزینەوەی حاڵەتەکان و دەسنیشانکردن و چارەسەریەکان و پێداویستیەکانی رەوشی ئەم نەخۆشیە لە نەخۆشخانەکانی منداڵان".

Fly Erbil Advertisment