لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا 129 راوچی ماسی لە دهۆک دەستگیرکراون

K24 - هەولێر:
گوتەبێژی هێزەکانی پێشمەرگەیی پاراستنی ژینگەی دهۆک دەڵێت، لە سەرەتای راگەیاندنی قەدەغەی راوەماسی تا ئەمڕۆ، 129 سەرپێچیکار دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی نیسانی 2023، عەبدولستار عەبدولحەمید، گوتەبێژی هێزەکانی پێشمەرگەیی پاراستنی ژینگەی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەرەتای راگەیاندنی قەدەغەی راوەماسی لە رۆژی چوارشەممە 15ـی نیسانی 2023 تا ئەمڕۆ، 129 راوچی ماسی لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستگیرکراون.
بەگوتەی عەبدولستار عەبدولحەمید، دەستگیرکردنی راوچییەکان لەو ماوەیەدا بەم شێوەیە بووە؛ چواری ئەم مانگە 30 کەس دەستگیرکراون، شەشی مانگ 37 کەس دەستگیرکراون، نۆی مانگ 14 کەس دەستگیرکراون، 17ـی مانگی 12 کەس دەستگیرکراون و رۆژی دووی جەژن، کە دەبێتە 22ـی نیسان، 36 کەس دەستگیرکراون، کە کۆی گشتیی دەستگیرکراوان دەبێتە 129 دەستگیرکراو.
گوتەبێژی هێزەکانی پێشمەرگەیی پاراستنی ژینگەی دهۆک روونیشیکردەوە، تا رۆژی پێنجشەممە 15ـی حوزەیرانی 2023، راوکردنی ماسی بـە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەغەیە و هەر کەسێک ئەو کارە بکات دەستگیردەکرێت و رێکاری یاسایی لەبەرامبەری دەگیرێتەبەر.
هاوکات ناوبراو هۆشداریدا دایە ئەو کەسانەی لەڕێگەی کارەبا، ژەهراویکردن و بۆمبەوە ماسی راودەکەن و رایگەیاند، راوکردنی ماسی بەو شێوەیە لە هەموو شوێن و کاتێک قەدەغەیە، تەنیا هاووڵاتییان لەڕێگەی بەکارهێنانی تۆڕ و قوڵاپەوە ماسی راو بکەن.
ئەمە لە کاتێکدیە رۆژی چوارشەممە 15ـی نیسانی 2023، بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی زاوزێی ماسی قەدەغەکردنی راوە ماسی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تا رۆژی پێنجشەممە 15ـی حوزەیرانی 2023 راگەیەندرا.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشهممه 31ـی كانوونی دووهمی 2023، فهرمانگهی میدیا و زانیاریی حكومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پارێزگای دهۆک دروستدەکرێت و 65٪ـی كارەكانی تەواوبووە.
بهگوێرهی بڵاوكراوهكهی فهرمانگهی میدیا و زانیاریی حكومهتی ههرێمی كوردستان، ئامانج لە دروستکردنی پڕۆژهكه، پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆ و پەرەپێدانیەتی بۆ ئاستێك بتوانرێت هەناردەی دەرەوە بكرێت، کە لە قۆناغی یەكەمیدا دەتوانێت لە ساڵێکدا 21 ملیۆن پەنجە ماسی و هەزار و 200 تۆن گۆشتی ماسی بەرهەم بهێنێت.
لهلایهن خۆیهوه شوکری عومەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرهەمی ماسی، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، "ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و تەواوکاری بەرهەمی کشتوکاڵییە لە هەرێمی کوردستان، سەرمایەکەی 10 ملیۆن دۆلارە، لەئێستادا 500 دەرفەتی کاری بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە".
بەڕێوەبەری پڕۆژەكە، ئاماژهی بهوهشكردووه، هیچ جۆرە پرۆژەیەکی بەرهەمی ماسی لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەو شێوەیە و بەو جۆرە سیستەمە دروست نەکراوە، هەروەها تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووشی تێدا بەکارهێندراوە".
رووبەری پڕۆژەکە 229 دۆنمە و پێکدێت لە هەڵهێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەزی ماسی، پلانیش هەیە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئالیک دابنرێت و دوای پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ، لە ئاییندەدا بەرهەمی ئەم پرۆژەیە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو بکرێت.