بایدن خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کاندیدکردەوە؛ 'بەشێکی دیموکراتەکانیش ناڕازین'

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا | وێنە: AP
جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا | وێنە: AP

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکای ساڵی 2024 کاندید کرد، ئەگەری زۆرە مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، لە کاتێکدا هەڵبژاردنێکی گەرم لە نێوان بایدن و رکابەرە سەرەکییەکەی، دۆناڵد ترەمپ بەڕێوە دەچێت.

یاریدەدەرەکانی بایدن بەنیازن ئەمڕۆ سێشەممە 25ی نیسانی 2023،  گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبکەنەوە بۆ ئەوەی بەفەرمی کاندیدکردنی خۆی رابگەیەنێت، هەمان ئەو وادەیەیە کە بایدن چوار ساڵ لەمەوبەر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2019، کاندید بوونی خۆی راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت جولی رۆدریگێز، راوێژکاری باڵای کۆشکی سپی بانگەشەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بایدن بەڕێوە ببات.

دیموکراتەکان باس لەوە دەکەن؛ بایدن، دوای هەڵبژاردنەکان لە ساڵی 2024دا تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ، لە ئێستاوە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەمەریکادا، بەڵام ئەو دەستکەوتی یاسادانان و سەرکەوتنی زۆری لە بەرەی ئابووری و سیاسیدا هەیە کە دەبێتە جێی سەرنجی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ راکێشانی دەنگدەران، بە تایبەتی کە ترەمپیش تەمەنی 76 ساڵە و گەنج نییە.

بایدن رووبەڕووی دڵەڕاوکێیەکی بەرفراوان دەبێتەوە لەنێو پارتی دیموکراتدا، چونکە بە وریاییەوە سەیری تەمەنی سەرۆکی ئەمەریکا و تەندروستی جەستەیی و دەروونیی دەکەن.

لە ڕاپرسییەکی کەناڵی " NBC NEWS" دا، دەرکەوتووە کە زۆرینەی ئەمەریکییەکان جارێکی دیکە دژی کاندیدبوونی بایدن و دۆناڵد ترەمپن، هەروەها لەسەدا 51ی دیموکراتەکان، پێیان وایە نابێت بایدن جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە، لەکاتێکدا لەسەدا 26ی دیموکراتەکان پشتگیری لە کاندیدکردنی بۆ خولی دووەم دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە 60%ی ئەمەریکییەکان رایانگەیاندووە، پێیانوایە ترەمپ نابێت خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 کاندید بکات و تەنیا 35%ی دەنگدەرانیش پشتگیرییان لە کاندیدکردنی کردووە.

Fly Erbil Advertisment