خەرجییە سەربازییەکانی جیهان لە ساڵی 2022 ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە

K24 - هەولێر:
کۆی گشتی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە زیاتر 2 تریلیۆن دۆلار، یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی خەرجییە سەربازییەکانیش جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیایە.
بەگوێرەی هەریەک لە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی و پەیمانگای نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بۆ لێکۆڵینەوەی ئاشتی (سێبری) کۆی گشتی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە 2.2 تریلیۆن دۆلار، کە بەراورد بە ساڵی 2021 ئەو خەرجییانە بە رێژەی 3.7٪ بەرزبووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی و پەیمانگای نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بۆ لێکۆڵینەوەی ئاشتی ئاماژە بەوە دەکەن خەرجییە سەربازییەکان لە ساڵی 2021 بەراورد بە 30 ساڵی رابردوو، ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە.
ئاژانسە ئەڵمانی و پەیمانگا سویدییەکە ئەوەیان خستووەتەڕوو، کە بۆ ساڵی هەشتەمە لەسەریەک وڵاتانی جیهان خەرجییە سەربازییەکانیان بەراورد بە خەرجییەکانی دیکەیان لە پلەی یەکەمدا دێ.
هەردوو ناوەندە ئەڵمانی و سویدییەکە روونیان کردووەتەوە، ئەمەریکا لە پلەی یەکەمی ریزبەندییەکە دێ، لەدوای ئەویش چین و رووسیا پلەی دووەم و سێیەمی ریزبەندییەکەیان گرتووە، هاوکات سعوودییەش لە پلەی پێنجەمی ریزبەندییەکەدایە و ئۆکرانیاش کەوتووەتە پلەی یازدەیەمی ئەو ریزبەندییە.