زێلینیسكی: وه‌ك چۆن سه‌دام بهشكسخواردوویی كوێتی جێهێشت، پوتنیش به‌هه‌مان شێوه ئۆكرانیا به‌جێده‌هێڵێ
K24 - هەولێر:
سه‌رۆكی ئۆكرانیا رایده‌گه‌یه‌نێت، وڵاته‌كه‌ی له‌و شه‌ڕه‌ی رووسیا له دژی هه‌ڵگیرساندووه سه‌رده‌كه‌وێ، به‌ڵام له‌و پێناوه‌دا پێویستی به هاوكاری و پشتوانی وڵاتانی هاوپه‌یمان هه‌یه.
ڤۆلۆدیمیر زێلینیسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا له میانی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (العربية - الحدث) رایگه‌یاند، جه‌نگی دژ به ئۆكرانیا له شوباتی 2014، كاتێك رووسیا هێرشیكرده سه‌ر هه‌رێمی كریمیا ده‌ستیپێكرد، گوتیشی، ئه‌گه‌ر ئه‌و كات به‌ر له هێرشه‌كه‌ی رووسیا بگیرابا و دووچاری رووبه‌ڕووبوونه‌وه بووایه، نه‌یده‌توانی پاوانخوازییه‌كانی به‌ره‌و ئۆكرانیا فراوان بكات.
سه‌رۆكی ئۆكرانیا له به‌شێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا روونیكرده‌وه، هه‌ر چه‌نده باوه‌ڕی به سه‌ركه‌وتن هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ئۆكرانیا به‌بێ پشتوانی هاوپه‌یمانان و وڵاتانی رۆژئاوا ناتوانێ به‌سه‌ر رووسیادا سه‌ربكه‌وێ، هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌گه‌ر هاوكارییه سه‌ربازییه‌كان به‌په‌له نه‌گاته ئۆكرانیا، سه‌ركه‌وتنیان دواده‌كه‌وێ".
زێلینیسكی هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد، سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر رووسیادا وا ده‌كات چۆن سه‌دام حوسێن به‌شكستخواردوویی كوێتی به‌جێبهێشت، به هه‌مان شێوه‌ش ڤلادیمێر پوتن بهشكسخواردوویی ئۆكرانیا به‌جێبهێڵێ.
ئه‌م لێدوانانه‌ی زێلینیسكی له كاتێكدایه زانیارییه‌كان ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن وڵاتانی هاوپه‌یمان ئاماده‌نین هێزی سه‌ربازی ره‌وانه‌ی گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگ بكه‌ن له كاتی ئێستادا، به‌ڵكو ته‌نیا ئاماده‌ن به چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی پێشكه‌وتوو، پشتوانی له ئۆكرانیا بكه‌ن.
له 24ـی شوباتی 2022، به فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س له سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه به‌رده‌وامه.