له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كانه‌وه تاوتوێی پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان دەکات

K24 - هەولێر:
به‌رنامه‌ی "له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كانه‌وه" له شاشه‌ی كوردستان24 و له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووس ئه‌حمه‌د زاوێتەیی و به میوانداری هه‌ریه‌ك له مامۆستا جه‌عفه‌ر، ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و چنار سه‌عد، به‌رپرسی به‌شی دیراسات و پێگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشكه‌ش كرا، ئه‌لقه‌ی ئه‌مجاره‌ی به‌رنامه‌كه ناونیشانی "قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵات"ـی هه‌ڵگرتبوو، هه‌ردوو میوانه‌كه جه‌ختیان له كۆده‌نگی و یه‌كگرتوویی ناوخۆیی كرده‌وه وه‌ك هۆكاریكی سه‌ره‌كی بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ری و به‌دیهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.
له سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كه‌دا مامۆستا جه‌عفه‌ر له باره‌ی سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونی رابردوو و مێژوو، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو و رابردوو ده‌بێت به ئامانجی بونیاتنانی ئایینده بێ. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش به پێویستی زانی له هه‌رێمی كوردستان كار له‌سه‌ر ئه‌و دیگایه بكرێت و به ئاراسته‌ی سوودوه‌رگرتن بۆ بونیاتنانی ئایینده‌یه‌كی به‌هێز، هه‌مووان بۆ مێژوو و ئه‌زموونی رابردوو بگه‌ڕێنه‌وه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا قه‌واره‌تی هه‌رێمی كوردستان، به پێویستی زانی ئاراسته‌كانی پاراستنی هه‌رێمی كوردستان زیاتر و به‌فره‌وانتر و به‌هێزتر بكرێن، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم له هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌ك به‌دوور بێ.
مامۆستا جه‌عفه‌ر باسی له خاڵی لاوازی فیدڕاڵیه‌تی عێراق كرد كه له دوای ساڵی 2003ـوه به‌تایبه‌تی له دوای ده‌نگدان به ده‌ستووری ئه‌و وڵاته له ساڵی 2005ـوه دروست بووه و پێی وابوو، فیدڕاڵیه‌تی عێراق ناجێگیره، به‌هۆی ئه‌وه‌ی عێراقی وه‌ك ناوه‌ندێكی به‌هێز هێشتووه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا ته‌نها یه‌ك قه‌واره و هه‌رێمی فیدڕاڵی هه‌یه كه هه‌رێمی كوردستانه، له كاتێكدا له سیستمی فیدڕاڵی وڵاتاندا چه‌ند هه‌رێم و قه‌واره‌یه‌ك هه‌ن بۆ پێكهێنانی سیستمێكی فیدڕاڵی.
هه‌روه‌ها به پێویستی زانی له ده‌ستووری عێراق مافی سه‌رۆككۆمار بۆ كورد جێگیر بكرایه و سه‌رۆككۆمار ڤیتۆی تایبه‌ت به مافه‌كانی كوردی هه‌بووایه كه ئه‌مه‌یشی هه‌ر له ده‌ستووردا بۆ یه‌كلا بكرایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی رێگر بووایه له به‌رده‌م هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه و په‌لامارێك.
ئه‌ندامه‌كه‌ی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رنجی خسته‌سه‌ر به دامه‌زراوه‌ییكردنی ته‌واوی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش به پێویستی زانی ناوماڵی كورد كۆبكرێته‌وه و یه‌كبخرێته‌وه، كه له ئه‌نجامدا سیستم له هه‌رێمی كوردستان به‌هێز ده‌بێت و به‌رانبه‌ر به به‌غداش ئه‌و هێزه كاریگه‌ری ده‌بێت.
چنار سه‌عد، به‌رپرسی به‌شی دیراسات و پێگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له لای خۆیه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بوونیان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێستا و ئه‌م قۆناغه جیاوازه له هه‌ڕه‌شه‌كانی رابردوو و قۆناغه‌كانی پێشوو.
گوتیشی، ئه‌و قۆناغه‌ی رابردوو بووه رابردوو و هه‌مان قۆناغ له ئێستادا بوونی نییه، چونكه هه‌رێمی كوردستان ئێستا قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری دانپێنراو له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا هه‌یه و خاوه‌نی دامه‌زراوه‌ی خۆیه‌تی و له رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێڕییه‌وه تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
به‌رپرسی به‌شی دیراسات و پێگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان روونیشیكرده‌وه، له رابردوودا كاتێك كورد رووبه‌ڕووی سته‌م و جینۆساید ده‌بووه‌وه، ئاسان نه‌بوو ده‌نگی بگاته ده‌ره‌وه، ته‌نانه‌ت به‌شیك له دۆسته‌كانی ئه‌مڕۆی كورد ئه‌و كات به‌شدار بوون له پڕچه‌ككردنی حكومه‌تی عێراق بۆ سه‌ركوتكردنی كورد، به‌ڵام دنیای ئه‌مڕۆ و بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان پێچه‌وانه‌یه و ده‌نگی به ده‌ره‌وه ده‌گات، بۆ نموونه له كاتی هێرشی داعیش بۆ سه‌ر شنگال و دواتر بۆ سه‌ر ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان دۆستی زۆر له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شانبه‌شانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌شداربوون له پاراستنی هه‌رێمی كوردستان.
چنار سه‌عد جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه خاڵی به‌هێزی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌كان بریتییه له كۆكبوونی ناوخۆیی. گوتیشی، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌لێنه كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئیداری و ئابوورییه‌ی هه‌یه نه‌مێنێ، به‌دڵنییایه‌وه مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌هێز و كاریگه‌ر نابن.
هه‌روه‌ها به‌رپرسی به‌شی دیراسات و پێگه‌یاندنی پارتی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، ئه‌گه‌ر كه‌لێنی ناوخۆیی كه‌م بكرێنه‌وه یان هه‌ر نه‌مێنن، پشتوانی دۆسته‌كانی كوردیش زیاتر ده‌بن و ئه‌و كات ره‌وایه‌تی داواكاری مافه‌كانیش به‌هێزتر ده‌بن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه مامۆستا جه‌عفه‌ر روونیكرده‌وه كورد وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك مافی بڕیاردان له چاره‌نووسی خۆی هه‌یه، بۆیه ئاساییه هه‌رێم یان قه‌واره یانیش ده‌وڵه‌تی هه‌بێت، ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی له سه‌ره‌تادا له دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991 دروستیكرد، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا و ساوا بوو، به‌ڵام ورده ورده گه‌شه‌ی كرد و به‌و ئاسته‌ی ئێستا گه‌یشتووه. هه‌روه‌ها گوتی، عێراق خاوه‌نی ده‌ستووری خۆیه‌تی، به‌ڵام تا ئێسته ره‌نگه 40 مادده‌ی ئه‌و ده‌ستووره جیبه‌جێ نه‌كرابێ، به‌ڵكو له رێگه‌ی دادگای فیدڕاڵییه‌وه دێ له چ بارودۆخێك بیه‌وێ زیان له كورد ده‌دا "بۆیه پێویست ده‌كات هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌وپه‌ڕی ئیڕاده‌وه له مه‌یدانه‌كه بن بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش پێویسته له سه‌ره‌تادا متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌ده‌ست بهێننه‌وه."
به‌رپرسی به‌شی دیراسات و پێگه‌یاندنی پارتی ئاماژه‌ی به ئه‌زموونی كورد له قۆناغی شۆڕشی ئه‌یلوول و دوای رێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئاداری ساڵی 1970 كه توانی بۆ قۆناغی دوای راپه‌ڕینی 1991 بۆ ئیداره‌دانی ناوچه رزگاركراوه‌كانی باشووری كوردستان سوودی لێ ببینێ. هه‌روه‌ها گوتی، هیچ كاتێكی دیاریكراو نییه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لان بڕیار له قه‌واره و دامه‌زراوه‌كانی خۆیان بده‌ن، به‌ڵكوو هه‌موو كات ده‌بێت په‌له بكرێت له بونیاتنانی ستراكچه‌ری قه‌واره و هه‌رێم و ده‌وڵه‌ت.