محەممەد راشد ئال مەکتووم دوو جێگر بۆ حاکمی دوبەی دیاریدەکات

K24 - هەولێر:
جێگری سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکوەزیرانی میرنشینە یەکگرتووەکانی ئیماراتی عەرەبی و حاکمی دوبەی، بەپێی فەرمانێک بڕیاری دانانی هەریەک لە جێگرانی یەکەم و دووەمی حاکمی میرنشینی دوبەی دەرکرد.
ئەمڕۆ (هەینی 28ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) هەژماری فەرمی نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی دوبەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، محەممەد راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکوەزیرانی میرنشینە یەکگرتووەکانی ئیماراتی عەرەبی بە سیفەتی حاکمی دوبەی و بەپێی مەڕسوومی ژمارە (21)ـی ساڵی 2023، بڕیاری دانانی هەریەک لە مەکتووم محەممەد راشد ئال مەکتووم وەک جێگری یەکەمی حاکمی میرنشینی دوبەی و ئەحمەد محەممەد راشد ئال مەکتووم وەک جێگری دووەمی حاکمی میرنشینەکە واژووکردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی دوبەی ئاماژەیکردووە، هەردوو جێگرەکەی حاکمی میرنشینی دوبەی بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لەلایەن حاکمی دوبەی بۆیان دیاریکراوە، پیادەی دەسەڵات و ئەرکەکانیان دەکەن.
مەکتووم محەممەد راشد ئال مەکتووم لە (24ـی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری 1983) لەدایکبووە و وەزیری دارایی میرنشینە یەکگرتووەکانی ئیماراتی عەرەبییە، هەروەها ئەحمەد محەممەد راشد ئال مەکتووم کوڕی چوارەمی محەممەد راشد ئال مەکتوومە و لەدایکبووی (7ـی شوبات/ فێبرایەری 1987)ـە و لەوەتەی 2ـی حوزەیرانی 2022ـوە، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دوبەیە بۆ راگەیاندن.
هەروەها حەمدان محەممەد راشد ئال مەکتووم کوڕی دووەمی حاکمی دوبەیە و لە (14ـی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری 1982)ـە و جێنشینی حاکمی دووبەیە.