سەرۆککۆماری عێراق گەیشتە ئێران
K24 - هەولێر
سەرۆککۆماری عێراق بە سەردانێکی فەرمی لەگەڵ شاندی یاوەری گەیشتنە کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەمڕۆ شەممە، 29ی نیسانی 2023، عەبدولەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لەگەڵ شاندی یاوەری گەیشتنە تاران. شاندی یاوەری سەرۆککۆمار بریتین لە فوئاد حسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، زیاد عەلی فازل وەزیری کارەبا، عەبد عەون دیاب وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، جگە لە ژمارەیەک راوێژکار و بەرپرسی باڵا.
لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مێهرئاباد، سەرۆککۆماری عێراق لە لایەن "ئیحسان خەندوزی" وەزیری ئابووری و دارایی ئێران و یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئافرەتان وکاروباری خێزان، پێشوازیان لێکرا.
بڕیارە رەئیسی لە کۆمەڵگەی مێژوویی-فەرهەنگی سەعدەئاباد لە تاران پێشوازی لە سەرۆککۆمارو و شاندەکەی بکات.
سەردانەکە لە وەڵامی بانگهێشتێکی فەرمی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێراندایە، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆببێتەوە.