سوپای سوودان بۆ کوردستان24: هەموو جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا رەتدەکەینەوە

عەمید نەبیل عەبدوڵڵا، گوتەبێژی سوپای سوودان
عەمید نەبیل عەبدوڵڵا، گوتەبێژی سوپای سوودان

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی سوپای سوودان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا رەتدەکەنەوە "تا ئەو کاتەی چەکەکانیان دادەنێن" و دەشڵێت، "ئەگەر هەیە ئاگربەستە راگەیەندراوەکە بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، سعوودیە و ژمارەیەک وڵاتان بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژ بکرێتەوە". 

ئەمڕۆ شەممە 29ـی نیسانی 2023، عەمید نەبیل عەبدوڵڵا، گوتەبێژی سوپای سوودان لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا رەتدەکەنەوە، "چونکە ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەیکەن، کودەتایە دژ بە سوپا و پێویستە سزا بدرێن".

لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا، گوتەبێژی سوپای سوودان بە کوردستان24ـی گوت، "تا ئەو کاتەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا چەکەکانیان دانەنێن، هیچ جۆرە گفتوگۆیەکیان لەگەڵدا ناکەین. بڕیارەکە بەدەست خۆیانە، با بێن چەکەکانیان رادەست بکەن و بە شێوەیەکی ئاشتییانە گفوگۆ بکەین، یان با بەردەوام بن لە شەڕکردن، ئێمەش بە هێز کێشەکە یەکلادەکەینەوە، هەرچەندە پێشمان ناخۆشە".

رۆژی هەینی 28ـی نیسانی 2023، بە نێوەندگیری ئەمەریکا و سعوودیە، سوپای سوودان رەزامەندی نیشاندا ئاگربەست لە خەرتوومی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی ئەو وڵاتە بۆ 72 کاتژمێری دیکە درێژ بکرێتەوە.

بەگوتەی عەمید نەبیل عەبدوڵڵا، "ئەگەری زۆرە بە نێوەندگیری ئەمەریکا و سعوودیە و ژمارەیەک لە وڵاتان ئاگربەستە راگەیەندراوەکە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژ بکرێتەوە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک بە هێز".

ئەو بەرپرسەی سوپای سوودان لەبارەی داخرانی باڵیۆزخانەی ژمارەیەک وڵاتان لە خەرتوومی پایتەخت، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی هاتووەتە ئاراوە، ژمارەیەک وڵات باڵیۆزخانەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی داخستووە و لە ئێستادا سەرقاڵی بردنەوە دەرەوەی هاووڵاتییانیان، بەڵام دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 25ـی نیسانی 2023، حادس ئیدریس، نێردەی سوودان لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانی پشتیوانی خێرا چاویان لەوەیە لەرێگەی کودەتاوە دەسەڵاتیان بکەوێتە دەست، کە ئەوەش قبوڵنەکراوە.

نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکانیش بۆ سوودان باسی لەوەکرد، بەهۆی پێکدادانەکانی سوودانەوە تا ئێستا زیاتر لە 500 کەس کوژراون و هەزاران هاووڵاتیی دیکەش بریندارن. گوتیشی، "چوار لە کوژراوەکان کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکانن."

هاوکات رۆژی چوارشەممە 19ـی نیسانی 2023، تێدرۆس ئادانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایکرد، دۆخی سوودان زۆر جێگای نیگەرانییە و بەشێک لە نەخۆشخانەکانی سوودان بەهۆی شەڕ و کەمی کارمەندان و پێداویستی پزیشکییەوە داخراون.

بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی گوتی: ئیدانەی هەموو کوشتنەکان دەکەین و هاوسۆزی خوشک و برا سوودانییەکانمانین.

تێدرۆس ئادانۆم رایگەیاند، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن، هەندێک لە بنکە تەندروستییەکان تاڵانکراون و هەندێکیش بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردێن. بەهۆی شەڕ و کەمی کارمەندان و پێداویستی پزیشکیش بەشێک لە نەخۆشخانەکان داخراون یان لە لێواری داخستنن

لە بەیانی 15ی نیسانی 2023، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.

وەزارەتی دەرەوەی سوودان ئەوەی راگەیاند، عەبولفەتاح ئەلبورهان، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری و  فەرماندەی سوپا راژەی هێزی پشتیوانی خێرای هەڵپەساردووە و وەک هێزێکی یاخی لە دەوڵەت رایگەیاندووە، لەسەر ئەم بنەمایەش سوپا رەفتارەی کردووە.