لە هەڵەبجە نەخۆشخانەیەک تایبەت دەکرێت بە هەوکردنی پەردەی مێشک

K24 - هەڵەبجە:
بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لە پارێزگای هەڵەبجە و هەڵکشانی ئەم نەخۆشییە، نەخۆشخانەی وەفا کە تایبەتە بە نەخۆشییە گوازراوەکان بۆ نەخۆشانی هەوکردنی پەردەی مێشک تەرخاندەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە(29ــی نیسان/ ئێپرێلی 2023)، ئاراس هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی پارێزگای هەڵەبجە، بە کوردستان24ــی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە بەرەو پڕبوون دەچوو و شوێنی بەتاڵ نەبوو بۆ وەرگرتنی نەخۆشی نوێ، بڕیاردرا لەمەودوا نەخۆشخانەی وەفا تایبەتبکرێت بە وەرگرتنی نەخۆشانی هەوکردنی پەردەی مێشک.
ئاراس هەورامی لەبارەی رێنمایەکانی خۆپارێزی بۆ نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک گوتی: "داواکارم دایک و باوکان منداڵەکانیان هۆشیاربکەنەوە کە پاکوخاوێنی بپارێزن و لە شوێنی قەرەباڵغ دوریانبخەنەوە، ئەگەر چوونە شوێنی قەرەباڵغیش با ماسک و دەستکێش بەکاربهێنن".
لە ماوەی رابڕدوو نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لەناو منداڵان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بڵاوبووەوە، کە ژمارەیەک منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵ تووشی نەخۆشییەکە بوون، هاوکات وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەکردنی نەخۆشییەکە لەرێگەی دابینکردنی دەرمانی پێویست و رێنمایی تایبەت بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە لیژنەیەکی تایبەتی رەوانەی ناوچەکە کرد.